مالیكی لەبارەی وەرنەگرتنەوەی متمانە سوپاسی تاڵەبانی دەكا

مالیكی لەبارەی وەرنەگرتنەوەی متمانە سوپاسی تاڵەبانی دەكا
نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ یەكشەم لە بەیاننامەیەكدا سوپاسی جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراقی كرد بۆ هەوڵەكانی لە چەند حەوتووی رابردوو بەرامبەر پرسی وەرگرتنەوەی متمانە لە حكوومەتەكەی.
ئەو هەڵوێستە ئاماژەیە بۆ لایەنگری تاڵەبانی بۆ مالیكی لە بەرامبەر هەوڵەكانی هەندێ لایەنی سیاسیی عێراقی وەك هاوپەیمانیی كوردستان و لیستی عێراقییە و رەوتی سەدر، بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆكی حكوومەت، هاوكات نەیارانی مالیكی هەوڵی وەرگرتنەوەی متمانەیان لەسەر بنەمای سیاسەتەكانی دا لە تاكڕەوی لە دەسەڵات و ئاراستەكردنی وڵات بەرەو دیكتاتۆریەت، وێڕای دەستگرتن بەسەر زۆرینەی پۆستە هەستوەرەكانی وڵاتدا.

مالیكی لە بەیاننامەكەدا گوتی، ئەوەی سەركۆمار پێی هەستاوە لە رەچاوكردنی دەستوور وەك بەرپرسیارەتیی خۆی، رۆڵێكی گرینگی لە تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە و پتەوكردنی ئەزموونی دیموكراسی و تۆكمەكردنی زیاتری هەبوو.

لیستی عێراقییە زیاتر لە جارێك مالیكی بە پەلكێشكردنی وڵات بۆ ناو ناكۆكیی تایفەیی بەهۆی سیاسەتەكانی تۆمەتبار كردووە، لە پاڵ تێوەگلان لە پاڵپشتیكرنی رێژیمی سووریا لە بەرامبەر راپەڕینی جەماوەری ئەو وڵاتە كە ماوەی 15 مانگە بەردەوامە.

رۆژنامەی \"سیاسەت\""ی كوێتی لە سەرچاوەیەكی گواستەوە كە تاڵەبانی هەڵوێستێكی روونی لە پرسی وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی وەرنەگرت، ئەوەش بەهۆی پاڵەپەستۆی ئێران كە پاڵپشتی لە مالیكی دەكا.

زیاتر گوتی، چەند نامەیەكی وریاكردنەوەی ئێران بە تاڵەبانی گەیشتووە بۆ گۆڕینی هەڵوێستی پاڵپشتیكاری بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی.

لە بەرامبەردا مالیكی لە بەیاننامەكەدا گوتی، سوپاس و ستایشی هەموو ئەوانە دەكەم كە یارمەتیان داین لە راستكردنەوەی دۆخەكە و رێگە نەدان بە رووچوون بۆ ئاراستەی تر كە كەمترین شتی لەبارەوە بگوترێ، نادەستوورییە.




ئاكانیوز"
Top