هاوپەیمانیی كوردستان: دەوڵەتی یاسا بەرپرسە لە دەستوەردانى دەرەكى لە تەنگژەى ئێستەی عێراق

هاوپەیمانیی كوردستان: دەوڵەتی یاسا بەرپرسە لە دەستوەردانى دەرەكى لە تەنگژەى ئێستەی عێراق
ئەمڕۆ پێنجشەم ئەندامێكی هاوپەیمانیی كوردستانی لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بەرپرسیاریەتیی دەستوەردانى دەرەكى لە تەنگژەى ئێستەى وڵات خستە ئەستۆى دەوڵەتی یاسا كە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانى عێراق سەرۆكایەتیی دەكا و ئاماژەى كرد كە نەرمی نواندنى ئەوان وڵاتیان لەو دەستوەردانە دوور دەخستەوە.

شوان تەها بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، دۆخى سیاسیی ئێستەی وڵات زۆر ئاڵۆز و گرێدارە و كۆمەڵێك كێشەى ناوەخۆیی هەن كە وڵاتانى دەورووبەر كاریگەرییان لەسەر هەیە، دەوڵەتی یاسا بەرپرسە لەو كاریگەرییانە چونكە ئەگەر ئەوان نەرمییان نواندبایە لەو تەنگژەیەدا ئەوا وڵات لەو كاریگەرییانە بەدوور دەبوو.

تەها روونى كردەوە، دەوڵەتی یاسا داواى كۆبوونەوە و گفتوگۆ دەكا، بەڵام هیچ كام لە بارستە سیاسییەكان متمانەیان بەو بانگەشانەى مالیكی نەماوە كە بەردەوام ئەوان تەنگژەكان بەهەڵپەرسێردراوى دەهێڵنەوە و بگرە هەوڵی دروستكردنیشی دەدەن.

ماوەی چەند رۆژێكە باسی كۆكردنەوەى ئیمزا بۆ لێسەندنەوەى متمانە لە مالیكی لە ئارادیە و هەریەك لە لیستی عێراقییە و رەوتى سەدر بەروونى هەڵوێستی خۆیان راگەیاند و ئاماژەیان كرد كە رێژەى یاسایی بۆ لێسەندنەوەى متمانە كۆ كراوەتەوە، لەبارەى لیستە كوردییەكان، هەریەك لە پەرلەمانتارانى پارتى دیموكراتى كوردستان و یەكگرتووى ئیسلامى، كۆمەڵی ئیسلامى ئاماژەیان كرد ئەوان ئیمزا لەسەر لێسەندنەوەى متمانە دەكەن.

سەرچاوەگەلی راگەیاندن ئاماژە دەكەن كە ئیمزاكان گەیشتووەتە دەست جەلال تاڵەبانى سەركۆمارى عێراق و پاش لێكۆڵینەوە رەوانەى ئوسامە نوجێفی سەرۆكى ئەنجوومەنى نوێنەران دەكا بۆ ئەوەى وادەیەك بۆ كۆبوونەوەى نائاسایی لەبارەى لێسەندنەوەى متمانە لە مالیكی دیاری بكا.
Top