زۆرینەی شیعەكان هێشتا لەگەڵ لابردنی سەرۆكوەزیراندا نین
تا ئێستایش بەشی زۆرینەی هاوپەیمانەتیی شیعەكان لەگەڵ لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆكوەزیرانی عێراق نین؛ ئەوانیش ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی و باڵی (ئیبراهیم جەعفەری)ـی سەرۆكی هاوپەیمانەتییەكەیە.
بەڵام تەنیا ڕەوتی سەدر و چەند كەسایەتییەكی سەربەخۆ دەیانەوێت (نووری مالیكی) لە پۆستەكەی دوور بخرێتەوە. بۆیە لە كۆی 159 كورسیی شیعەكان لە پەرلەماندا، تەنیا نزیكەی 45ـیان داوای لێسەندنەوەی متمانە دەكەن.
پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا (موئەیەد تەیب) باس لەوە دەكات كە شیعەكان لە نێو خۆیاندا كۆك نین و تەنیا سەدرییەكان داوای متمانەلێسەندنەوە دەكەن، بەڵام ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی كە (عەممار ئەلحەكیم) سەرۆكایەتیی دەكات، تا ئێستایش وەك هێزێكی هاوسەنگ لە نێوان نەیارانی (مالیكی) و ئەوانەدا ماونەتەوە كە پشتی دەگرن.
هەر سێ سەركردەی هاوپەیمانەتیی شیعەكان (ئیبراهیم جەعفەری)، (نووری مالیكی)، (عەممار ئەلحەكیم)، پێرێ دانیشتنێكیان بۆ تاوتووكردنی بارودۆخی عێراق و گوشارەكانی سەر (مالیكی) ئەنجام دا.
دەنگۆیەك بڵاو بوویەوە كە پێدەچوو (مالیكی) ویستی هەبووبێت پێش ئەوەی متمانەی لێ وەربگرنەوە خۆی “دەستلەكاركێشانەوە” پێشكەش بكات. (موئەیەد تەیب) دەڵێت: “شتی وام نەبیستووە و بڕوا ناكەم دەست لە كار بكێشێتەوە، بەڵكوو كۆبوونەوەی (مالیكی) لەگەڵیاندا زیاتر بۆ ئەوە بووە كە پشتگیری لە هاوپەیمانیی شیعەكان وەربگرێت.”
ناوەڕۆكی بەیاننامەكەی (ئیبراهیم جەعفەری)ـیش ئەو ڕاستییە دەردەخات كە هێشتا پشتگیری لە لێسەندنەوەی متمانە ناكەن، چونكە لە بەشێكیدا دەڵێت: “تێڕوانینمان لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا لەوەدا یەكی دەگرتەوە كە گرنگی بدەین بە بەردەوامیی كارەكانمان و پەرەسەندنیان.
هەروەها تیشك خرایە سەر پێویستیی پابەندبوون بە دەستوور و سوربوون لەسەر ئەوەی لەگەڵ هەموو لایەنەكاندا پێوەندی بگرن.” لە ناوەڕۆكی بەیاننامەكەوە، ڕوون دەبێتەوە كە بە هیچ جۆرێك ئاماژە بە لێسەندنەوەی متمانە یان گۆڕینی (مالیكی) بە كەسێكی دیكە نەكراوە؛ تەنانەت وەڵامی كۆبوونەوەكانی هەولێر و نەجەفیش لە بەیاننامەكەدا نابینرێت.
پێشتر سەرۆككۆماری عێراق ئەوەی ڕاگەیاندبوو كە ئەگەر 164 واژۆ بگاتە دەستی، ئەوا نامەیەك دەداتە پەرلەمانی عێراق تا لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆكوەزیران بخرێتە بەرنامەی كارەوە.
كە ئەو كات بە 163 دەنگی بەڵێ دەتوانرێت (مالیكی) دوور بخرێتەوە. (ئیحسان عەوادی) كە پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسای (مالیكی)ـیە، پێی وایە ئەگەر لایەنەكان بیانزانیایە دەتوانن 164 دەنگ كۆ بكەنەوە، ئەوا بۆ لێسەندنەوەی متمانە خولەكێكیش چاوەڕێیان نەدەكرد.
(موئەیەد تەیب) بۆچوونی وایە كە ئەگەر نامەكەی (تاڵەبانی) بگاتە پەرلەمان، ئەوا بە ئاسانی لێسەندنەوەی متمانە دەخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە، چونكە سەرۆكی پەرلەمان كە (ئوسامە نوجێفی)ـیە لەگەڵ هەردوو جێگرەكەی (قوسەی سوهەیل)ـی سەر بە ڕەوتی سەدر و (عارف تەیفوور) كە كوردە، لەگەڵ ئەوەدان متمانە لە سەرۆكوەزیران وەربگیرێتەوە.
