ئه‌ندامێكی لێژنه‌ی یاسایی: (مالیكی) ده‌سته‌ڵاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی نییه
له وه‌ڵامی لێدوانێكی گهورهڕاوێژكارێكی (نووری مالیكی)ـدا كه ڕایگه‌یاندبوو سه‌رۆكوه‌زیران ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر قه‌یرانه سیاسییه‌كان به‌رده‌وام بن و لایه‌نه‌كانیش فشاری زیاتر بخه‌نه سه‌ری، ئه‌ندامی لێژنه‌ی یاسایی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران (ئازاد ئه‌بوبه‌كر زه‌ینه‌ڵ) ڕایگه‌یاندووه سه‌رۆکوه‌زیران به ته‌نیا ناتوانێت ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پێویسته ره‌زامه‌ندیی سه‌رۆککۆمار و ده‌نگی 163 پهرلهمانتهریشی له‌گه‌ڵدا بێت.
ئه‌مه‌یش له واقیعی سیاسیی‌دا ته‌واو پێچه‌وانه‌یه، چونكه دوێنێ له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دووكاندا سه‌ركرده سیاسییه‌كان، به سهرۆككۆماریشهوه، بریاریاندا كه مه‌سه‌له‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه له (مالیكی) بچێته په‌رله‌مان و به ئیمزای نیوه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران متمانه‌ی لێ وه‌ربگیرێته‌وه.
جێگه‌ی باسه ئه‌مڕۆ (مه‌ریه‌م ڕه‌ییس) گه‌وره‌ڕاوێژكاری سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق دووپاتی كرده‌وه كه به‌رده‌وامبوونی قه‌یران و ئاڵۆزییه سیاسییه‌كان و فشاره‌كان بۆ سه‌ر (مالیكی) وا ده‌كات كه ئه‌ویش ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه.
