ئه‌ندامێكی لێژنه‌ی یاسایی: (مالیكی) ده‌سته‌ڵاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی نییه‌

ئه‌ندامێكی لێژنه‌ی یاسایی: (مالیكی) ده‌سته‌ڵاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی نییه‌
ئه‌ندامێكی لێژنه‌ی یاسایی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكوه‌زیران ده‌سته‌ڵاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ی نییه‌.

له‌ وه‌ڵامی لێدوانێكی گه‌وره‌ڕاوێژكارێكی (نووری مالیكی)ـدا كه‌ ڕایگه‌یاندبوو سه‌رۆكوه‌زیران ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر قه‌یرانه‌ سیاسییه‌كان به‌رده‌وام بن و لایه‌نه‌كانیش فشاری زیاتر بخه‌نه‌ سه‌ری، ئه‌ندامی لێژنه‌ی یاسایی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران (ئازاد ئه‌بوبه‌كر زه‌ینه‌ڵ) ڕایگه‌یاندووه‌ سه‌رۆکوه‌زیران به‌ ته‌نیا ناتوانێت ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پێویسته‌ ره‌زامه‌ندیی سه‌رۆککۆمار و ده‌نگی 163 په‌رله‌مانته‌ریشی له‌گه‌ڵدا بێت.

ئه‌مه‌یش له‌ واقیعی سیاسییدا ته‌واو پێچه‌وانه‌یه‌، چونكه‌ دوێنێ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دووكاندا سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان، به‌ سه‌رۆككۆماریشه‌وه‌، بریاریاندا كه‌ مه‌سه‌له‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ (مالیكی) بچێته‌ په‌رله‌مان و به‌ ئیمزای نیوه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران متمانه‌ی لێ وه‌ربگیرێته‌وه‌.

جێگه‌ی باسه‌ ئه‌مڕۆ (مه‌ریه‌م ڕه‌ییس) گه‌وره‌ڕاوێژكاری سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وامبوونی قه‌یران و ئاڵۆزییه‌ سیاسییه‌كان و فشاره‌كان بۆ سه‌ر (مالیكی) وا ده‌كات كه‌ ئه‌ویش ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌.
Top