سەندنەوەی متمانە لە مالیكی پێویستی بە نیوە + یەكی كۆی كورسییەكانی پەرلەمانە
لە دوالێدوانیدا، پەرلەمانتارانی سەر بە دەوڵەتی یاسا، ئیحسان عەوادی، دەڵێ كە سەندنەوەی متمانە لە سەرۆكوەزیران پێویستی بە دوو لە سێی دەنگەكانی پەرلەمان هەیە، واتە 217 دەنگ. ئەو بە \"ئەستەم\""ـی دەزانێت كە ئەو ژمارە دەنگە بە نەیارانی سیاسەتەكانی مالیكی كۆ ببێتەوە.
پەرلەمانتارێكی سەر بە لیستی كوردستانی، ئازاد سرێشمەیی، ئەمە ڕەت دەكاتەوە و لە وەڵامی عەوادی-دا دەڵێ \""دیارە ناوبراو هەر ئاگای لە ناوەڕۆكی دەستوور نییە.\""
سرێشمەیی كە ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقە بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر دەڵێ \""بەپێی بڕگەی 8 لە ماددەی 61 دەستووری هەمیشەیی وڵات، سەندنەوەی متمانە لە سەرۆكوەزیران پێویست بە زۆرینەی ڕەها هەیە.\"" مەبەست لە زۆرینەی ڕەها، نیوە + یەكی كۆی 325 كورسییەكەی پەرلەمانە كە دەكاتە 164 دەنگ.
ئەو پێی وایە ئەگەر لیستی عێراقییە بتوانێ یەكڕیزیی خۆی بپارێزی و لیستی ئەحراری سەر بە ڕەوتی سەدریش نەكەوێتە ژێر كاریگەریی ناوچەییەوە، ئەوا دەكرێ ئەو ڕێژە دەنگە كۆ بكرێتەوە.
ئەم تێڕوانینەی سرێشمەیی لەبارەی ڕەوتی سەدر لە كاتێكدایە كە شیكردنەوەیەكی قەیرانی ئێستای عێراق لە لایەن ئەنیستیتۆتێكی نێودەوڵەتییەوە ئاماژە دەدات كە بەو پێیەی سەدرییەكان لە بەرەوڕووبوونەوەیاندا لەگەڵ ئەمەریكا لە كۆتایی 2007ـدا بە تەواوی كەوتنە باوەشی ئێرانەوە، بەوەی كە یارمەتیی ماددی و چەكیان لە ئێران وەردەگرت؛ هەربۆیە گەر ئێران بزانێت سەدرییەكان بە ڕاست چوونەتە پاڵ نەیارانی مالیكییەوە ئەوا لە ڕێی یارمەتییە دارایی و مەعنەوییەكانییەوە گوشر دەخاتە سەر سەدر و ڕێی پێ دەگرێت.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ڕەنگە ئێران ئەم ستراتیژەی كە نزیككردنەوەی سەدرییەكانە لە \""عێراقییە\"" و كوردەكان، بۆ یاریكردنی لەسەر وەتەری ئەوان، بەڵام بێئەوەی دەستەڵاتی حوكمڕانەتی لە مالیكی دابماڵرێت.
پێشتر لیستی عێراقییە خاوەنی 91 كورسی بوو، بەڵام ئێستاكە وەكوو خۆیان دەڵێن 80 كورسیان هەیە. لیستی كوردستانی خاوەنی 43 كورسی، بزووتنەوەی گۆڕان 8 كورسی، یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان 4 كورسی و كۆمەڵی ئیسلامی 2 كورسییان هەیە. لیستی ئەحراریش خاوەنی 40 كورسییە. ئەگەر هەموو ئەو لایەنانە كۆك بن، ئەوا ژمارەی كورسییەكانیان دەگاتە 177 كورسی.
موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر لە وەلامی یەكێك لە شوێنكەوتووەكانی خۆیدا ڕایگەیاندووە پاڵپشتی لە هاوهەڵوێستەكانی (كورد و سوننە) دەكات و ئەگەر ئەوان بتوانن 124 دەنگ كۆ بكەنەوە، ئەوا ئەویش 40 دەنگەكەی دیكە مسۆگەر دەكات.
دوێنێ لە هاوینەهەواری دووكان چوارەم كۆبوونەوەی سەركردەباڵاكانی ناڕازی بە شێوەی سیاسەتكردنی نووری مالیكی، بەڕێوە چوو. هەر چەند لە بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەكەدا باس لە پابەندبوون بە دەستوور و ڕێككەوتننامەكان بۆ خستنەسەر ڕێچكەی دیموكراسی و نیشتمانخوازیی كراوەتەوە، بەڵام زۆربەی میدیاكان باس لەوە دەكەن كە لایەنەكان كۆك بوون لەسەر كۆكردنەوەی دەنگی پەرلەمانتارانیان بۆ سەندنەوەی متمانە لە مالیكی."
