سەرۆكوەزیران بە هۆی پابەندنەبوون بە دەستوورەوە كارتی سووری وەرگرت
لەو قۆناغەدا پرسیاری سەرەكیی هاووڵاتیان ئەوەیە كە بۆ پڕۆسەی سیاسیی لە عێراقدا وای لێ بەسەر هات؟
لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی عێراق و بەدەستەوەگرتنی دەستەڵاتی جێبەجێكار لە لایەن دوو سەرۆكوەزیرانی شیعەوە، ئەوان نەیانتوانی خۆیان لەگەڵ سستەمی نوێی وڵات و دیموكراسییەتدا بگونجێنن.
ئەو كاتەی یەكەم سەرۆكوەزیران (ئیبراهیم جەعفەری) دەستەڵاتەكەی بە تەواوی كەوتە دەست، دژایەتیی ئەو مافە دەستووریانەی كوردی كرد كە زیاتر لە 80%ـی عێراقییەكان دەنگیان پێ دابوو.
هەر ئەمەیش وای كرد كورسیی دەستەڵاتەكەی لێ بسێندرێتەوە. ئەم چیرۆكە بۆ سەرۆكوەزیرانی دووەمی شیعە (نووری مالیكی)ـیش ڕاستە.
ئەو كە بە هۆی ڕێككەوتننامەی هەولێرەوە دەستەڵاتی بەدەستەوە گرت، سەرەتای دەستەڵاتەكەی بە بێ ناڕەزایی لایەنەكانی دیكە بەڕێوە برد، بەڵام دواتر سیاسەتێكی دووفاقیی پێڕۆ كرد.
(مالیكی) و لیستی عێراقییە
لەو ڕێككەوتننامەیەی لە 8ـی ئابی 2010ـدا كە ئیمزای سەرۆكوەزیران (نووری مالیكی) و سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)ـی بەسەرەوەیە، لە خاڵی دووەمدا هاتووە كە پێویستە پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانی بۆ سیاسەتە ستراتیژییەكان بە (ئەیاد عەللاوی) بدرێت، بەڵام ئەو ئەنجوومەنە تەنانەت تا ئێستایش دانەمەزراوە. ئەمە لە كاتێكدا بوو كە (مالیكی) بە وەكالەت چەند وەزارەتێكی بەڕێوە برد كە پشكی لایەنی سوننەیشی تێدا بوو.
پێنەدانی پۆستی ئەو ئەنجوومەنە بە (ئەیاد عەللاوی) كردار و پەرچەكرداری لێ كەوتەوە. دواجار پارێزگاكانی “سەڵاحەددین” و “دیالە” داوای بەهەرێمبوونیان كرد و بەمە لایەنی سووننە كارتێكی گوشاری زەردڕەنگی بە ڕووی (مالیكی)ـدا بەرز كردەوە.
لەگەڵ ئەمەیشدا كە لە خاڵی یەكەمی ڕێككەوتننامەكەی نێوان (بارزانی) و (مالیكی)ـدا پابەندبوونی هەموو لایەنەكان بە “دەستووری عێراق و جێبەجێكردنییەوە” جەختی لەسەر كرابووەوە، بەڵام (مالیكی) لە بەرانبەر داواكەی ئەو دوو پارێزگایەدا گوتی كە “پابەندبوونی بە دەستووری وڵات، پارچەبوونی وڵاتی لێ دەكەوێتەوە.”
ئەمە لە كاتێكدایە كە لە بڕگەی دووەمی ماددەی 117ـی دەستووری عێراقدا هاتووە كە “ئەم دەستوورە ددان بە هەرێمە نوێیەكاندا دەنێت كە بە پێی ئەحكامەكان دادەمەزرێن.”
لیستی عێراقییە كە خاوەنی 89 كورسیی پەرلەمانی بوو، گوشاری زیاتری بۆ سەر (مالیكی) و حكوومەتەكەی هێنا و ڕاگەیاندنی بە هەرێمبوونی پارێزگای دیالە لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەنەكەیەوە، پەرچەكرداری (مالیكی)ـی لێ كەوتەوە و تۆمەتی تێوەگلان لە كاری تیرۆریستی خرایە پاڵ جێگری سەرۆككۆمار (تاریق هاشمی)ـیەوە.
دواتر (هاشمی) ڕووی لە هەرێمی كوردستان كرد و لە لێدوانەكانیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، سیفەتی “دیكتاتۆر”ـی خستە پاڵ سەرۆكوەزیرانەوە.
(مالیكی) و كورد
لە عێراقی نوێدا كە كورد پشوودرێژتر لە هەموو لایەنەكان خۆی نیشان داوە، تا ئێستایش كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكوومەتەكانی بەغدا و هەولێر یەكلا نەبوونەتەوە. نەوت و غاز، سستەمی فیدراڵی، ماددەی 140، بودجە و هێزی پێشمەرگە ئەو كێشە هەڵپەسێردراوانەن كە سەرۆكوەزیرانی پێشوو (ئیبراهیم جەعفەری) و سەرۆكوەزیرانی ئێستایش (نووری مالیكی) خۆیان لە قەرەی چارەكردنیان نەداوە.
لە خاڵی 7ـی ئەو ڕێككەوتننامەیەی پێشتر ئاماژەی پێ درا، جەخت لە چارەكردنی هەموو كێشانە كراوەتەوە، بەڵام پابەندنەبوونی (مالیكی) بەو خاڵانە و بە دەستووری وڵات، ناڕەزایی كوردیشی لێ كەوتەوە.
بڕیار بوو لە كۆتایی ساڵی 2007ـدا هەر سێ قۆناغی ماددەی 140ـی تایبەت بە جێناكۆكەكان جێبەجێ بكرێن. ئەم ماددەیە كە بە لای كورد و سەركردایەتییەكەیەوە گرنگە، تا ئێستایش هەر لە بەشی یەكەمی قۆناغی یەكەمیدا چەقی بەستووە و دواجار سەرۆكوەزیران (نووری مالیكی) بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ نیازی ڕاستەقینەی خۆی دەربڕی. ئەو لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: “ماددەكە (ماددەی 140) لە لایەن نەزانێكەوە دانراوە”.
ئەمە لە كاتێكدایە كە خودی ناوبراو ئەندامی دەستەی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق بووە.
ئەو بەڵێنەكانی بۆ تەیاركردنی هێزی پێشمەرگە پشتگوێ خست و دواجار گوتی كە پێویستە بودجەی ئەو هێزە لەسەر 17%ـەكەی بودجەی هەرێم بێت. حكوومەتی بەغدا لە ساڵی 2007ـەوە تا ئەمساڵ شەش تریلیۆن و سەد و سی و یەك ملیار و سێسەد و چواردە ملیۆن دیناری هێزی پیشمەرگەی خواردووە.
پاراستنی هاوسەنگیی هێز لە ناو سوپای عێراقیشدا هەر تووشی ئەم چارەنووسە بووە. كورد گلەیی لە پشكی خۆی لەو هێزەدا هەیە و سەرەڕای ئەوەی دەبووایە پشكەكەی لە 17% بۆ 20% بووایە، بەڵام ئێستاكە بۆ 4% كەم بووەتەوە.
هاوهەڵوێستیی نێوان سوننە و كورد بەرانبەر بە شێوەی بەڕێوەبردنی وڵات، وای كرد (مالیكی) پەرچەكردار بەرانبەر بە كوردیش نیشان بدات. ئەو لە چەند لایەكەوە گوشاری بۆ كۆمپانیای “ئێكسۆن مۆبیل” هێنا كە لە كاركردن لە هەرێمی كوردستان بكشێتەوە و تەنانەت داوای لە كۆشكی سپی كرد پێشوازی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) نەكەن. ئهم داوایهی (مالیکی) زۆر خێرا له لایهن (سهرۆک ئۆباماوه) ڕهت کرایهوه.
دواجار پابەندبوونی سهرۆکوهزیرانی عێراق بە دەستوور و سیستەمی فیدراڵی و تەوافوقەوە، وای كرد ئەم جارە كورد \'\'كارتی سووری\'\' بە ڕوویدا بەرز بكاتەوە.
