رەوتی سەدر بەشداریكردنی لە كۆنگرە راوێژكارییەكەی هەولێر رادەگەیەنێ

رەوتی سەدر بەشداریكردنی لە كۆنگرە راوێژكارییەكەی هەولێر رادەگەیەنێ
بارستەی ئەحراری سەر بە موقتەدا سەدری رابەڕی رەوتی سەدر رای گەیاند، بانگهێشتێكی بەدەست گەیشتووە بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوە راوێژكارییەكەی ئەمڕۆی هەولێر، دووپاتیشی كردەوە كە بەدەنگ ئەو بانگهێشتەوە دەچێ.

زیا ئەسەدی ئەمینداری گشتیی بارستەی ئەحرار بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، رەوتی سەدر بانگهێشت كراوە بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوە راوێژكارییەكەی ئەمڕۆ سەرۆكی بارستە سیاسییەكان لە هەولێر و بەدەم ئەو بانگهێشتنەش دەچێ.

لەبارەی ئەگەری بەشداریكردنی موقتەدا سەدر لەو كۆبوونەوەیە، ئەسەدی گوتی، تا ئێستە دیار نییە ئاخۆ موقتەدا سەدر خۆی بەشداریی كۆبوونەوەكە دەكا یان نوێنەرێكی.

كۆبوونەوە راوێژكارییەكەی ئەمڕۆ هەولێر لە كاتێكدایە كە هاوپەیمانیی نیشتمانی وەڵامی نامەكەی بەشدارانی كۆبوونەوەی نەجەفی نەدایەوە كە داوایان كردبوو لەبری مالیكی كەسێكی تر بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید بكا.

فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان پێشتر بە(ئاكانیوز)ی راگەیاندبوو، ئەمڕۆ دووشەم كۆبوونەوەیەكی راوێژكاری لە نێوان هاوپەیمانیی كوردستان و تەباییی عێراقییە بەبەشداریی سەرۆكی هەرێم و سەركردەكانی عێراقییە لە هەولێر ساز دەكرێ.

ئەو كۆبوونەوەیە لە كاتێكدایە كە هەریەك لە ئەیاد عەلاوی سەرۆكی لیستی عێراقییە، ئوسامە نوجێفی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و ساڵح موتڵەگ جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەیاوەریی چەند ئەندامێكی ئەو تەبایییە ئێوارەی دوێنێ گەیشتنە هەولێر.
Top