فەرهاد ئەتروشی: وەڵامەكەی هاوپەیمانیی نیشتمانی راكردنە لە بەرپرسیارەتی
رۆژی 19ی ئەم مانگە موقتەدا سەدر و نوێنەرانی هەردوو لیستی هاوپەیمانیی كوردستان و عێراقییە لە ماڵی سەدر لە نەجەف كۆبوونەوە، دوای كۆبوونەوەكە رایان گەیاند كە نامەیەكیان ئاراستەی هاوپەیمانیی نیشتمانی كردوەو بۆ ئەوەی لەبری مالیكی كەسێكی تر بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید بكەن.
دوێنێ سەرجەم پێكهاتەكانی ناو فراكسیۆنی هاوپەیمانیی نیشتمانی بەمەبەستی تاوتوێكردنی نامەكەی بەشدارانی كۆبوونەوەكەی نەجەف لە ماڵی ئیبراهیم جەعفەری سەرۆكی فراكسیۆنەكە كۆبوونەوە و دوای كۆبوونەوەكە جەعفەری لە بەیاننامەكەیدا رای گەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا هاوپەیمانیی نیشتمانی خاڵەكانی كۆبوونەوەی هەولێر و نەجەفی بە گرینگ ناو برد بێ ئەوەی ئاماژە بە گۆڕینی مالیكی بە كاندیدی تر بكا.
فەرهاد ئەتروشی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی هاوپەیمانیی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەم بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، هاوپەیمانیی نیشتمانی وەڵامێكی روونی بۆ نامەكەی بەشدارانی كۆبوونەوەكەی نەجەف نەبوو، بۆیە دۆخەكە بەرەو ئاڵۆزبوونی زیاتر دەڕوا، چونكە ئەو جۆرە وەڵامانە راكردنە لە بەرپرسیارەتیی دۆخی سیاسیی ئێستەی وڵات.
زیاتر گوتی، پێویستە هاوپەیمانیی نیشتمانی وەڵامێكی روونی هەبێ بۆ نامەكەی بەشدارانی كۆبوونەوەی نەجەف تاوەكو تەنگژەی سیاسییی وڵات بەرەو چارەسەربوون بڕوا، بەڵام ئەگەر هیچ ناكەن بۆ چارەسەری ئەو تەنگژەیە ئەوا بژارەی ترمان دەبێ.
ئاماژەی دا ئەگەر هاوپەیمانیی نیشتمانی كاندیدیان هەر مالیكی بێ بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، پێم وانییە ئەو حكوومەتە و ئەو سەرۆكە بمێنێ.
