وەڵامى هاوپەیمانیی نیشتمانى بۆ كۆبوونەوەى 5 سەركردەكەى هەولێر
ئیبراهیم جەعفەری لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز) كەوتووە گوتى، هاوپەیمانیی نیشتمانى لە كۆبوونەوەى ئێوارەى دوێنێ بەسەرۆكایەتیی ئیبراهیم جەعفەری و ئامادەبوونى نوێنەری سەرجەم پێكهاتەكانى جەختى لەسەر یەكڕیزی بەرامبەر بەهەڤڕكییەكان كردەوە و داواى لە سەرجەم هێزە سیاسییەكانیش كرد كەشێكی ئەرێنی دوور لە گۆتارى دەمارگیر بێننە كایەوە بۆ دەستپێكردنەوەى گفتوگۆكان.
سەرچاوەكە گوتى، هاوپەیمانیی نیشتمانى جەختى لەسەر پرەنسیپی هاوبەشیی نیشتمانیی كارا و رژد كردەوە كە بڕواى تەواوى بەوە هەیە كە عێراق لەلایەن یەك پێكهاتەوە بەڕێوە نابرێ، بگرە دەبێ هەموو پێكهاتەكان بەشدار بن.
پتر گوتى، هەر لەو كۆبوونەوەدا ئاماژە كرا كە سەرجەم بیرۆكەكانى نامە و كارنامە ئاڵووگۆڕپێكراوەكان نێوان بارستە سیاسییەكان لە كۆبوونەوە جۆرواجۆرەكان و لەوانەش كۆبوونەوەى ئەم دواییەى هەولێر بیرۆكەى بنیاتنەرن و شیاوى گفتوگۆ و بەدواداچوونى رژدن.
\"گفتوگۆكانی هاوپەیمانیی نیشتمانى ئاماژەى بەپابەندبوون بەدەستوور و ئەو رێككەوتننامانەى كە لەگەڵ دەستوور دەگونجێن كردەوە و سەرنجی دا كە پرەنسیپی متمانەبوون و راشكاوى و دەستبەرداربوونی دەسكەوتەكان لە نێوان لایەنە جیاوازەكان ئەو بنەمایەیە كە دەبێ لە هەموو گوفتوگۆ و دانوستاندنەكان پشتیان پێ ببەسترێن\"" هەمان سەرچاوە گوتى.
هاوپەیمانیی نیشتمانى لە بەیاننامەكەدا جەختى لەسەر پەلەكردن لەسەر سازكردنى كۆنگرەى نیشتمانى كردەوە كە پێی وایە هەنگاوى كردەییە بۆ چارەسەركردنى سەرجەم كێشەكان بۆ بنیاتنانى دەوڵەت و بەهێزكردنى داوودەزگەكانى حكوومەت.
شەوی رابردوو هاوپەیمانیی نیشتمانى لە ماڵی ئیبراهیم جەعفەری بەمەبەستی تاوتوێكردنى نامەكەى بەشدارانى كۆبوونەوەى نەجەف كۆبووەوە، بەڵام نووری مالیكی سەرۆك وەزیران ئامادەى كۆبوونەوەكە نەبوو."
