نەیارانى مالیكى كۆبوونەوەى سێیەمیان لە مووسڵ ئەنجام دەدەن

نەیارانى مالیكى كۆبوونەوەى سێیەمیان لە مووسڵ ئەنجام دەدەن
سەركردەیەكى لیستى عێراقییەى ئەیاد عەلاوى ئاشكراى كرد، نەیارانى سیاسەتى نوورى مالیكى سەرۆك وەزیران، لە دوو رۆژى داهاتوودا كۆبوونەوەى سێیەمیان لە شارى مووسڵ ئەنجام دەدەن.
لە 29ى مانگى رابردوو جەلال تاڵەبانى، مەسعوود بارزانى، موقتەدا سەدر، ئەیاد عەلاوى و ئوسامە نوجێفى لە هەولێر كۆبوونەوە و كارنامەیەكى 9 خاڵییان ئاراستەى هاوپەیمانیى نیشتمانى و نوورى مالیكى سەرۆك وەزیران كرد و 15 رۆژ مۆڵەتیان دایە بۆ وەڵامدانەوەى، بەپێچەوانەوە كار بۆ لێسەندنەوەى متمانە لە مالیكى دەكەن.

سەرەتاى هەفتەی رابردوویش موقتەدا سەدر و نوێنەرانى هەردوو لیستى هاوپەیمانیى كوردستان و عێراقییە لە ماڵى سەدر لە نەجەف كۆبوونەوە، دواى كۆبوونەوەكە رایان گەیاند لە دوا قۆناغەكانى پرۆژە نیشتمانییەكەیان نێزیك بوونەتەوە، بەبێ ئەوەى هیچ وردەكارییەك ئاشكرا بكەن.

تەڵاڵ ئەلزەوبەعى بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند \"لایەنە سیاسییەكان لە دوو رۆژى داهاتوودا سێیەم كۆبوونەوەیان لە شارى مووسڵ دەبەستن بەمەبەستى چارەسەركردنى تەنگژەى سیاسیی وڵات\"".

زەوبەعى جەختى كرد، پێویستە كۆبوونەوەى سێیەم هەڵوێستێكى رژدى بەرامبەر تۆمەتەكانى لیستى دەوڵەتى یاسا بۆ ئاڵۆزكردنى دۆخە سیاسییەكە و ئەو هەڵایسانە میدیاییەى هاتووەتە كایە هەبێ.

هەروەها گوتى \""رێكەوتنێكى ستراتیجى لەنێوان لیستى عێراقییە و هاوپەیمانیى كوردستان و رەوتى سەدردا هەیە و ئەو هێزە سیاسییانە دەتوانن زۆر لە هەڵوێستەكان یەكلا بكەنەوە\"".

تاڵەبانى ئەگەرچى ئامادەى كۆبوونەوەى دووەمى ئەو لایەنە سیاسییانە بووە لە شارى هەولێر، بەڵام ئیمزاى لەسەر كارنامەى كۆبوونەوەكە نەكرد و دواتر لە بەیاننامەیەكى هەشت خاڵیدا، بۆچوونى خۆى بۆ چارەسەرى دۆخەكە خستە روو و داواى كرد هەموو لایەنەكان دەست لە شەڕە قسە هەڵبگرن و دەستوور بكەنە بناغەبۆ چارەسەرى كێشەكان.



(ئاكانیوز)"
Top