هاوپەیمانیی نیشتمانی داواكارییەكی بۆ گۆڕینی مالیكی بە كاندیدی تر پێ دەگا

هاوپەیمانیی نیشتمانی داواكارییەكی بۆ گۆڕینی مالیكی بە كاندیدی تر پێ دەگا
لیستی عێراقییە ئەمڕۆ سێشەم رای گەیاند، لە داواكارییەكدا كە ئیمزای چوار سەركردەی سیاسیی عێراقیی لەسەرە داوا لە هاوپەیمانیی نیشتمانی كراوە نووری مالیكی سەرۆك وەزیران بە كاندیدێكی تری ناو هاوپەیمانیی نیشتمانی بگۆڕێ.

مەیسون دەمەلۆجی گۆتیاری لیستی عێراقییە بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، هەریەك لە ئەیاد عەلاوی و مەسعوود بارزانی و ئوسامە نوجێفی و موقتەدا سەدر ئیمزایان لەسەر داوایەك كردووە و دراوەتە هاوپەیمانیی نیشتمانی، كە تێیدا مۆڵەتی یەك هەفتە بە هاوپەیمانیی نیشتمانی دراوە بۆ ئەوەی كەسێكی تر كاندید بكا بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.

زیاتر گوتی، داوایەكە دراوەتە هاوپەیمانیی نیشتمانی بەو هیوایەی لە ماوەی دیاریكرداودا وەڵام بداتەوە.

بەپێی مادەی 61 دەستوور بە دوو رێگە متمانە لە سەرۆك وەزیران وەردەگیرێتەوە كە برێتین لەوەی سەركۆمار داوایەك پێكشیش بە ئەنجوومەنی نوێنەران بكا بۆ متمانە كێشانەوە لە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، یان ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر داوای 1/5 ئەندامانی دەتوانرێت داوای متمانە كێشانەوە بكا لە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران ئەمەش لە دوای ئاراستەكردنی بانگهێشتننامەیەك بۆ سەرۆك ئەنجوومەنی وەزیران و تێپەڕینی حەوت رۆژ بەسەر پێشكێشكردنی داواكارییەكە.
Top