بەرپرسی نوێی رێكخراوی قاعیدە لە حەمرین دیاری كرا

بەرپرسی نوێی رێكخراوی قاعیدە لە حەمرین دیاری كرا
دوای خۆتەقاندنەوەی بەرپرسی پێشووی حەوزی حەمرینی رێكخراوی قاعیدە، كەسێكی دیكە بۆ شوێنەكەی دیاریی كرا بە ناوی (مەحموود تەڵەب جەزا).
سەرچاوەیەكی ئەمنیی بەرپرس لە دیالە كە نەیوست ناوی بڵاو بكریـَتەوە بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: \"بەپێی زانیاریی باوەڕپێكراو كە دەستیان كەوتووە، لە لایەن رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدەوە، بەرپرسی نوێی ئەو رێكخراوە لە حەوزی حەمرین دەستنیشان كراوە كە ناوی (مەحمود تەڵەب جەزا)ـیە و بە رەگەز عەرەبە و خەڵكی گوندی دەشتانی حەوزی حەمرینە و یەكێكە لە تیرۆریستە چالاكەكانی رێكخراوی قاعیدە لە سنوورەكە و پێشتر دەیان كردەی تیرۆریستی ئەنجام داوە.\""

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند، بەرپرسە نوێیەكەی حەوزەی حەمرینی رێكخراوی قاعیدە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواكراوە و بۆ ئەو مەبەستە تەواوی لایەنە ئەمنییەكان ئاگادار كراونەتەوە بۆ ئەوەی لە هەر شوێن و جێگایەك زانیاریی لەسەر دەستكەوت، دەستگیری بكەن.

جێی ئاماژەیە مانگێك لەمەوبەر لە گوندی رەبیعەی شارەدێی سەعدییە، بەرپرسی پێشووی رێكخراوی قاعیدەی تیرۆریستی لە حەوزی حەمرین بە ناوی حوسێن عەبدولستار لە كاتێكدا لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە نێو خانویەكی گوندەكە گەماڕۆ درا خۆی تەقاندەوە، ئەو گەورە تیرۆریستە رۆڵێكی زۆری هەبوو لە وەدەرنانی خێزانە كوردەكانی سەعدییە و جەلەولا."
Top