لیستی عێراقییە وریاداری لە شەڕی گەورە لە ناوچەكە دەدا كە شیمانە هەیە عێراقیش بگرێتەوە

لیستی عێراقییە وریاداری لە شەڕی گەورە لە ناوچەكە دەدا كە شیمانە هەیە عێراقیش بگرێتەوە
راوێژكاری لیستی عێراقییە ئەمڕۆ پێنجشەم وریاداری لە چەند شەڕی گەورە لە ناوچەكە دا كە شیمانە هەیە بە هۆی تەنگژەی ئێستە، عێراقیش بگرێتەوە.

هاوكات كە ناوچەی عەرەبی و رۆهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانكاریی ریشەییی سیاسی بەخۆیەوە دەبینێ كە تا ئێستە چەند رێژیمێك لە فەرمانڕوایی لادراون، دۆخی سیاسیی ناوەخۆی عێراق بەهۆی بەردەوامیی چەند تەنگژەیەك ئاڵۆزە.

هانی عاشوور لە بەیاننامەیەكدا كە بە ئیمێڵ بۆ دەزگەكانی راگەیاندن رەوانە كراوە گوتی، هەموو بەڵگەكان ئاماژە بۆ نێزیكبوونەوەی شەڕی گەورە لە ناوچەكە دەكەن كە مۆركی تایفەییی و ئاینی و رەگەزپەرستیان پێوە دیار دەبێ.

زیاتر گوتی، پێویستە هێزە سیاسییەكانی عێراق ناكۆكییەكانیان چارەسەر بكەن بۆ ئەوەی وڵات ببێتە نموونەیەكی نوێی دیموكراسی، بەو پێیەی یەكەم وڵات بوو لە 2003 گۆڕانكاری بەخۆیەوە بینی و ئاماژەی كرد، بەردەوامیی تەنگژەكانی ناوەخۆ و بەدینەهاتنی هاوبەشی نیشتمانی و تۆمەتباركردنی یەكتر و فەرامۆشكردن و گرتنەبەری شێوازی دیكتاتۆرییانە لە دەسەڵات، وا دەكەن عێراق ببێتە قوربانی شەڕی گەورە.

بەمدواییە هەوڵی زۆر درا بۆ كۆكردنەوەی ناكۆكە سیاسییەكانی عێراق لەسەر یەك مێزی گفتوگۆ، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەكانی جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراق لە رێگەی دیاریكردن وادە بۆ كۆنگرەی نیشتمانی و پێكهێنانی لێژنەی ئامادەسازی بۆ ئەو مەبەستە، لە كۆتای مانگی نیسان/ئەپریلی رابردوو سەرانی ژمارەیەك بارستەی سیاسی لە هەولێر كۆبوونەوە و نووسێكی نۆ خاڵیان رادەستی هاوپەیمانیی نیشتمانی كرد و ماوەی 15 رۆژیان بۆ جێبەجێكردنی بۆ دانا.
Top