بەهۆى ناكۆكیى ناوەخۆیى وەڵامى هاوپەیمانیى نیشتمانى بۆ كارنامەكەى هەولێر دوا دەكەوێ
لە 29ى مانگى رابردوو هەریەك لە جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراق، مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمى كوردستان، موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر، ئەیاد عەلاوی سەرۆكی لیستی عێراقییە و ئوسامە نوجێفی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و ژمارەیەك لە سەركردەى لایەنە سیاسیەكان، لە شارى هەولێر كۆ بوونەوە و لە كۆتایدا كارنامەیەكى 9 خاڵییان ئاراستەى نوورى مالیكى كرد و مۆڵەتى 15 رۆژیان بۆ دیارى كرد بۆ وەڵامدانەوەى.
لیستى دەوڵەتى یاساى مالیكى و چەند لایەنێكى ناو هاوپەیمانیى نیشتمانى لەسەر وەڵامێكى چوار خاڵى بۆ كارنامەكەى هەولێر كە 15 رۆژ مۆڵەتى دابووە هاوپەیمانى بۆ جێبەجێكردنیان، رێك كەوتن، كە دان بە كێشەكاندا دەنێ و داواى دۆزینەوەى چارەسەر بۆ ئەو كێشانە لەڕێى كارى هاوبەشەوە دەكا.
بەها ئەعرەجى سەرۆكى بارستەى ئەحرارى سەر بە رەوتى سەدر بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند \"بارستەى ئەحرار و كۆنگرەى نیشتمانى و ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامى وەڵامەكەى هاوپەیمانیى نیشتمانییان بۆ كارنامەكەى هەولێر رەت كردەوە، ئەویش بەهۆى ناكۆكییان لەبارەى میكانیزمەكانەوە\"".
ئەعرەجى ئاماژەى بەوە دا، لایەنەكانى ناو هاوپەیمانیى نیشتمانى دەستیان بە كۆبوونەوە كردووە بۆ گەیشتن بە هەڵوێستێكى یەكگرتوو بەرامبەر كارنامەكەى هەولێر.
هەروەها روونى كردەوە، رەوتەكەى لەو بڕوایەدایە عێراق بەرگەى تەنگژەى زۆر ناگرێ و پێویستە هاوپەیمانیى نیشتمانى چارەسەرێك بۆ تەنگژەكە بدۆزێتەوە.
دوێنێ لیستى عێراقییە راى گەیاند تا ئێستە هیچ رژدییەكى لە مالیكییەوە نەدیوە لە مامەڵەكردن لەگەڵ كارنامەكەى هەولێر."
