ئەمڕٍۆ پەرلەمانى عێراق دەكەوێتە پشووی رەسمی

ئەمڕٍۆ پەرلەمانى عێراق دەكەوێتە پشووی رەسمی
ئەمڕۆ دووشەم ئەندامێكی هاوپەیمانیی كوردستانى لە پەرلەمانى عێراق راى گەیاند، لەمڕۆوە پشووی وەرزی دووەمى یاسادانانى ساڵی دووەمى ئەنجوومەنى نوێنەران دەست پێ دەكا و تا مانگێك بەردەوام دەبێ.

سەعید رەسوول خۆشناو بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، ئەمڕۆ پشووی رەسمیی وەرزی دووەمى یاسادانان دەست پێ دەكا و تا رۆژى 13ى حوزەیران/یۆنیۆى داهاتوو بەردەوام دەبێ و رۆژى 14ى حوزەیران/یۆنیۆى داهاتوو یەكەم كۆبوونەوەكانى وەرزی سێیەمی یاسادانان دەست پێ دەكاتەوە و پەرلەمان دوو ساڵی تەمەنى خۆى تەواو دەكا.

خۆشناو ئاماژەى كرد كە لەو ماوەیەدا پشووی رەسمییە و پەرلەمان كۆ نابێتەوە، بەڵام سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەتوانێ لە كاتی پێویستدا لە دانیشتنی نائاساییدا بانگهێشتنى ئەندامان بكا.

بەپێی مادەى 57ى دەستوورى عێراق پەرلەمان لە پاش هەر 4 مانگ پشووی رەسمی بۆ ماوەى 60 رۆژ دەبێ، بەڵام لە 8ى ئەم مانگە سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڕیارى دا پشووی رەسمی پەرلەمان بۆ یەك مانگ كەم بكاتەوە.

لە 14ى حوزەیران/یۆنیۆى 2010 پەرلەمانی عێراق یەكەم كۆبوونەوەى خۆى بەسەرۆكایەتیی فوئاد مەعسووم بەتەمەنترین پەرلەمانتار گرێدا و تێیدا سەرۆك و جێگرانى سەرۆكى ئەنجوومەنى نوێنەران هەڵبژێردرا و لەو ماوەیەدا لە دوو ساڵی رابردوو پەرلەمانى عێراق بەهۆى كێشە ناوخۆییەكان تەنیا 86 یاساى پەسند كردووە.
Top