ئەمڕٍۆ پەرلەمانى عێراق دەكەوێتە پشووی رەسمی
سەعید رەسوول خۆشناو بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، ئەمڕۆ پشووی رەسمیی وەرزی دووەمى یاسادانان دەست پێ دەكا و تا رۆژى 13ى حوزەیران/یۆنیۆى داهاتوو بەردەوام دەبێ و رۆژى 14ى حوزەیران/یۆنیۆى داهاتوو یەكەم كۆبوونەوەكانى وەرزی سێیەمی یاسادانان دەست پێ دەكاتەوە و پەرلەمان دوو ساڵی تەمەنى خۆى تەواو دەكا.
خۆشناو ئاماژەى كرد كە لەو ماوەیەدا پشووی رەسمییە و پەرلەمان كۆ نابێتەوە، بەڵام سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەتوانێ لە كاتی پێویستدا لە دانیشتنی نائاساییدا بانگهێشتنى ئەندامان بكا.
بەپێی مادەى 57ى دەستوورى عێراق پەرلەمان لە پاش هەر 4 مانگ پشووی رەسمی بۆ ماوەى 60 رۆژ دەبێ، بەڵام لە 8ى ئەم مانگە سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڕیارى دا پشووی رەسمی پەرلەمان بۆ یەك مانگ كەم بكاتەوە.
لە 14ى حوزەیران/یۆنیۆى 2010 پەرلەمانی عێراق یەكەم كۆبوونەوەى خۆى بەسەرۆكایەتیی فوئاد مەعسووم بەتەمەنترین پەرلەمانتار گرێدا و تێیدا سەرۆك و جێگرانى سەرۆكى ئەنجوومەنى نوێنەران هەڵبژێردرا و لەو ماوەیەدا لە دوو ساڵی رابردوو پەرلەمانى عێراق بەهۆى كێشە ناوخۆییەكان تەنیا 86 یاساى پەسند كردووە.
