هاشمی: ئینتەرپۆل ناتوانێ بمگرێ و بەمزووانە دەگەڕێمەوە بەغدا
هاشمی لە لێدوانێكدا بۆ رادیۆى سەوا گوتى، سەرسڕٍمان بوو بەیاداشتی گرتنەكەى، هەروەها پرسی گرتنى لە دەرەوەى دەسەڵاتى پۆلیسی نادەوڵەتییە چونكە ئاراستەیەكی سیاسی و ئاینی هەیە، پتر گوتى، ئەو بەئاشكرا و لەبەرچاو عێراقی جێ هێشتووە، هەروەها گوتى، ئەو راى نەكردووە و پەنابەریش نییە.
هاشمی گوتى، هەڵوێستی حكوومەتى توركیا بەرامبەر فایلەكەی لەوەوە سۆنگەى گرتووە كە ستەمی لێكراوە و هەروەها پێوەندیی باشی لەگەڵ توركیا و وڵاتانى تردا هەیە.
جێگری سەركۆمارى عێراق گوتى، سیاسەتوانە عێراقییەكان ئامۆژگارییان كردووم كە جاری نەگەڕێمەوە وڵات تا ئەو كاتەی پرسەكەى بەسیاسی چارسەر دەكرێ، هەروەها گەشبینی خۆى پێشان دا كە بەمزووانە دەگەڕێتەوە عێراق.
\"چاوەڕوان دەكەم جەلال تاڵەبانى سەركۆمارى عێراق بێتە ناو ئەو پرسە، نامەیەكیشم بۆى ناردووە و تا ئێستە وەڵامى نەدامەتەوە، هەروەها نامەیەكم بۆ ئوسمانە نوجێفی سەرۆكى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و سەرۆكى ئەنجوومەنى دادوەریی ناردووە داوام كردووە كە یاساى 93 ی دەستوورى عێراق بمگرێتەوە\""هاشمی گوتى.
لەبارەى باسنەكردنى پرسەكە لەسەر مێزی گفتوگۆكانى عێراقییە و دەوڵەتی یاسا لەبارەى كێشەى نێوان نووری مالیكی سەرۆك وەزیران و ساڵح موتڵەگ جێگری سەرۆك وەزیران هاشمی گوتى، پرسەكەی ئەو جیاوازە و رەهەندێكی سیاسیی یاسایی هەیە.
هاشمی لەو لێدوانەیدا پێشوازی كرد لە كۆبوونەوەى 5 قۆڵییەكانى هەولێر و راسپاردەكان و ئاماژەى بەڕۆڵ و هەوڵەكانى موقتەدا سەدر كرد بۆ كۆتاهاتنى تەنگژەكانى عێراق.
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەری تێوەگلانى پاسەوانەكانى تاریق هاشمی جێگری سەركۆمارى عێراق لە 150 كردەى \""تیرۆریستی\"" ئاشكرا كرد و دادگەى ناوەندى تاوانەكانى كەرخ 3ى ئایار/مایۆی دیاری كرد، بەڵام پاشان دادگە وادەكەى لەدادگەدانى هاشمی و زاواكەى كە ئێستە لە توركیا نیشتەجێن بۆ دووەمجار بۆ 15ى ئەم مانگە دواخست. "
