دوو فراكسیۆنی جبابووەوە لە عێراقییە پشتیوانی لە وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی ناكەن

دوو فراكسیۆنی جبابووەوە لە عێراقییە پشتیوانی لە وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی ناكەن
دوو فراكسیۆنی جیابووەوە لە لیستی عێراقییە كە ئەیاد عەلاوی سەرۆكایەتی دەكا رایان گەیاند كە پشتیوانی لە وەرگرتنەوەی متمانە لە نووری مالیكی سەرۆك وەزیران عێراق ناكەن.

عالیە نسەیف ئەندامی دیاری فراكسیۆنی عێراقییەی سەربەخۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، پێویستە پرسی متمانە سەندنەوە لە سەرۆكی حكوومەت نەبێتە مەرامێكی كەسی.

زیاتر گوتی، پەلەكردن لە لابردنی مالیكی دەبێتە هۆی پەككەوتنی داوودەزگاكانی دەوڵەت.

لەلایەكی ترەوە فراكسیۆنی سپی لە بەیاننامەكەدا رای گەیاند، دۆخی سیاسیی عێراق بە قۆناغێكی زۆر ئاڵۆزدا تێ دەپەڕێ و ئەگەر چارەسەر نەكرێ وڵات بەرەو هەڵدێر دەچێ.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، پێویستە هێزە سیاسییەكان درك بە قەبارەی مەترسییە سیاسی و ئابوورییەكانی وڵاتانی هەرێمی بكەن، كە رەنگە ببێتە هۆی لەباربردنی ئەزموونی سیاسی.

ئاماژەی بەوەش دا وە كە لابردنی مالیكی واتە \"رووخانی دەوڵەت\"".

پرۆسەی سیاسی لە عێراق ئاڵۆزیی بەخۆیەوە دەبینێ و رۆژی 28ی مانگی رابردوو ژمارەیەك لە سەرانی سیاسیی عێراق وەك مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێم و جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراق و ئوسامە نوجێفی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر و ئەیاد عەلاوی سەرۆكی لیستی عێراقییە لە هەولێر كۆبوونەوە، تیایدا لەسەر چەند خاڵێك رێك كەوتن لەوانە جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی هەولێر و ماوەی 15 رۆژیان بۆ مالیكی دیاری كرد بۆ جێبەجێكردنی ئەو خاڵانە."
Top