(جەعفەر ئیبراهیم): هەنگاوی داهاتوومان لابردنی (نووری مالیكی) دەبێت
گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ڕۆژنامەی حورییەتی توركی ڕاگەیاند: “ئامانجی سەرەكیمان (لە كۆبوونەوەی داهاتووی لایەنە سیاسییەكاندا) دروستكردنی میكانیزمێكی نوێیە بۆ دیالۆگ لەگەڵ (نووری مالیكی)ـدا بۆ ئەوەی ناوبراو گوێ لە داواكاریی لایەن و پارتە سیاسییەكانی دیكەی عێراق بگرێت.
بەڵام ئەگەر هاتوو لەم ڕێگایەدا سەركەوتوو نەبووین، ئەوا بەدیلی داهاتوومان لابردنی (مالیكی) دەبێت لە پۆستەكەی و داواكردنە لە هاوپەیمانێتی نیشتمانیی عێراقی بۆ ئەوەی كەسێكی دیكە بۆ ئەو پۆستە دیاری بكەن”.
گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەیشی ڕوون كردەوە، كە دەكرێت سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق (ئیبراهیم جەعفەری) بەدیلی (مالیكی) بێت بۆ بوون بە سەرۆكوەزیر.
كۆبوونەوەی داهاتووی لایەنە سیاسیەكان
بڕیارە ڕۆژی 7ی ئەم مانگە سەرانی زۆربەی لایەنە سیاسییە بەهێزەكانی عێراق لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان كۆ ببنەوە بۆ مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ تەنگژەی عێراق.
پێشبینی دەكرێت، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێز (مەسعوود بارزانی)، جێگری سەركۆماری عێراق (تارق هاشمی)، بەرپرسی ڕەوتی سەدر (موقتەدا سەدر) و چەندین كەسایەتیی دیكەی گرنگی سیاسی لەم كۆبوونەوەیەدا بەشدار بن.
(جەعفەر ئیبراهیم) ڕایگەیاند: “خەڵكی عێراق بەدەست كێشەیەكی گەورەوە دەناڵێنێت. ئێمە تەواوی لایەنە سیاسییەكانی عێراقمان بانگهێشتی ئەم كۆبوونەوەیە كردووە بۆ ئەوەی بگەینە چارەسەرێكی نیشتمانی لە عێراقدا”.
گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان هەروەها ڕایگەیاند: ئەگەر هات و (مالیكی) ئامادەی كۆبوونەوەكە بوو و “گەیشتینە ڕێككەوتنێك، ئەوا دەكرێت چارەسەرێك بۆ قەیرانەكە بدۆزرێتەوە، بەڵام ئەگەر سەركەوتوو نەبوین، ئەوا بەدیلەكەمان لابردنی (مالیكی) دەبێت.
پێمان وایە كەسی شیاو بۆ ئەو پۆستە (ئیبراهیم جەعفەری) دەبێت، چونكە ناوبراو لای تەواوی گرووپەكانی عێراق، لەوانەیش سوننەكان و كوردەكان قەبووڵە”.
