چوار داواكاریەكەی عێراقیە چین، كە بەمەرجی گێڕاوە بۆ بەشداری كۆنگرەی نیشتیمانی?

چوار داواكاریەكەی عێراقیە چین، كە بەمەرجی گێڕاوە بۆ بەشداری كۆنگرەی نیشتیمانی?
خالید عه‌لوانى ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ هاوپه‌یمانى میانڕه‌و له‌ناو لیستى عێراقیه‌دا رایگه‌یاند كه‌ لیسته‌كه‌یان بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆنگره‌ى نیشتمانیدا چوار داواكارى هه‌یه‌ و سازشیان له‌سه‌ر ناكات.

خالید عه‌لوانى له‌ لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسى هه‌واڵه‌كانى ئه‌خباریه‌ گووتیشی: لیستى عێراقیه‌ ئێستا لێكۆلینه‌وه‌ له‌و وه‌ره‌قه‌یه‌ ده‌كات كه‌ هاوپه‌یمانى نیشتمانى بۆ كۆنگره‌ى نیشتمانى ئاماده‌ى كردوه‌ و روونشیكرده‌وه‌ كه‌ لیسته‌كه‌یان تاكو ئێستا بڕیارى كۆتایی له‌باره‌ى ئه‌و وه‌ره‌قه‌یه‌ نه‌داوه‌.

عه‌لوانى ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد كه‌ لیستى عێراقیه‌ چوار داواكاری هه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت ئه‌و داواكاریانه‌شى بخرێًته‌ ناو كارنامه‌ى كۆنگره‌ى نیشتمانى، داواكاریه‌كانیش بریتین له‌ جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنامه‌ى هه‌ولێر و هاوسه‌نگى نێوان دامه‌زراوه‌كانى وڵات و یه‌كلایی كردنه‌وه‌ى كێشه‌ى ساڵح موتله‌گ و دوورخستنه‌وه‌ لایه‌نى سیاسی له‌ دۆسیه‌كه‌ى تارق هاشمى جێگرى سه‌رۆك كۆمارى عێراق.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى لیستى عێراقیه‌ دووپاتیشى كردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانى نیشتمانى ئه‌و چوار داواكاریه‌ى لیسته‌كه‌یان نه‌خاته‌ ناو كارنامه‌ى كۆنگره‌ى نیشتمانى، ئه‌وا لیسته‌كه‌یان ئاماده‌ى كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌و كۆنگره‌یه‌ نابێت.
Top