مالیكى داوا لە عێراقییە دەكا ئامادەى كۆنگرەى نیشتمانى ببێ و بەڵێن دەدا داواكانى جێبەجێ بكا

مالیكى داوا لە عێراقییە دەكا ئامادەى كۆنگرەى نیشتمانى ببێ و بەڵێن دەدا داواكانى جێبەجێ بكا
نوورى مالیكى سەرۆك وەزیرانى عێراق و سەرۆكى لیستى دەوڵەتى یاسا ئەمڕۆ پێنجشەم داواى لە لیستى عێراقییەى ئەیاد عەلاوى كرد، بەشداریى ئەو كۆنگرە نیشتمانییە بكا كە جلال تاڵەبانى سەركۆمارى بانگهێشتى بۆ گرێدانى كرد بەمەبەستى چارەسەرى تەنگژەى سیاسیی وڵات و بەڵێنى دا گشت داوا دەستوورییەكانى جێبەجێ بكا.

ئەم داوایەى مالیكى دواى رۆژێك دێ لە گەیشتنى كارنامەى كۆنگرەكە لەلایەن لێژنەى ئامادەكارییەوە بە سەركۆمار، عێراقییە تا ئێستە قایل نییە بە ئامادەبوونى كۆنگرەى ناوبراو تا ئەو پێنج داوایەى پێشتر پێشكێشى كردوون جێبەجێ نەكرێن.

داواكان بریتین له‌ جێبەجێكردنى رێكەوتنامەى هەولێر بۆ دابەشكردنى دەسەڵات لە حكوومەتى عێراقدا، راگرتنى هەڵمەتى رەشبگیرى، راگرتنى دەستوەردان لە كارى دەسەڵاتى دادوەرى و چارەسەرى كردنى كێشەى ساڵح موتڵەگى جێگرى سەرۆك وەزیران و تاریق هاشمى جێگرى سەركۆمار.

لە كۆتاى ئادار/مارسى رابردوو تاڵەبانى 5 نیسانى رابردووى بۆ بەستنى كۆنگرەكە دەستنیشان كرد، بەڵام بەهۆى ناكۆكیى لایەنەكانەوە كۆنگرەكە لەو وادەیەدا نەبەسترا.

مالیكى شەوى رابردوو لە كۆنگرەیەكى رۆژنامەوانیى هاوبەشدا لەگەڵ عەمار ئەلحەكیمى سەرۆكى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامى گوتى \"گەڕانەوە بۆ دەستوور باشترین چارەسەرە بۆ تەنگژەكانى وڵات\"" و داواى لە عێراقییە كرد ئامادەى كۆنگرەى نیشتمانى ببێ و هەر كێشەیەكى هەیە بیخاتە روو.

مالیكى بەڵێنى دا هەموو داواكانى عێراقییە جێبەجێ بكرێن \""بەو مەرجەى لە چوارچێوەى دەستووردا بن\"".

لاى خۆیەوە حەكیم جەختى لە جێبەجیێكردنى سەرجەم ئەو رێكەوتنامە سیاسییانە كرد كە لەنێوان لایەنەكاندا ئیمزا كراون و كار بۆ چارەسەرى تەنگژەكان بكرێ.

لەبارەى بیرۆكەى كێشانەوەى متمانەیش لە حكوومەتەكەى مالیكى حەكیم گوتى \""ئاراستەى هاوپەیمانى نیشتمانى و ئەنجوومەنى باڵا بریتییە لە یەكلاكردنەوەى ناكۆكییەكان و پاڵپشتی و بەهێزكردنى حكوومەتى مالیكى\"".

پێنجشەمى رابردوو هاوپەیمانیى نیشتمانى تەواوبوونى كارنامەى كۆنگرەى نیشتمانیى چاوەڕوانكراوى راگەیاند."
Top