سبەى پەرلەمانى عێراق دەنگ لەسەر 6 پڕۆژەیاسا دەدا

سبەى پەرلەمانى عێراق دەنگ لەسەر 6 پڕۆژەیاسا دەدا
ئەمڕۆ چوارشەم ئەندامێكی هاوپەیمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانى عێراق راى گەیاند، سبەى پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر 6 پڕۆژەیاسا دەدا و تاوتوێی دۆخى كارەبا و پرسی چوونە دەرەوەى هەڵبژاردەى عێراق لە ئۆڵەمپیادى لەندەن دەكا .

د.سەعید رەسوول خۆشناو بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، بڕیارە سبەى لە 38مین دانیشتنى پەرلەمانى عێراقدا دەنگ لەسەر 6 پڕۆژەیاسا بدا، گرینگترینیان دەستنیشانكردنى ئەندامانى دادگەى تەمیزە.

خۆشناو پتر گوتى، هەر لەو دانیشتنەدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساكانی لێبوردنى وەرزێران و جووتیاران لە سووی قەرزى پێشوویان، پڕۆژەیاسای رێكخستن و تۆماركردنى مادە كشتوكاڵییەكان، پڕۆژەیاسای تۆوی بەتاتە دەدرێ.

خۆشناو گوتى، پاشان لێژنەكانى پەرلەمان 3 راپۆرت دەخوێننەوە، سەرەتا راپۆرتێك لەبارەى دۆخى كارەبا دەخوێندرێتەوە كە لێژنەى نەوت و وزە و سامانە سروشتییەكان ئامادەیان كردووە، پاشان راپۆرتێك لەبارەى داواكاریی پەنابەرانى عێراق بۆ مافی پەنابەری لەو وڵاتە ئەوروپییانەى كە بەزۆر دوورخراونەتەوە لەلایەن لێژنەى راگوێزراوان و كۆچپێكراوان و لێژنەى یاسایی ئامادە كراوە.

پتر گوتى، دوایین كارى كۆبوونەوەكەى سبەى خوێندنەوەى راپۆرتێكە لەبارەى نووچخواردنى هەڵبژاردەى ئۆڵەمپیی عێراق لە یارییەكانى پاكوەكەریی كۆمەڵەى ئاسیا بۆ گەیشتن بەئۆڵەمپیادى لەندەن بەهۆى هەڵەیەكی كارگێڕییەوە.
Top