رەنگە دادگا بڕیارێكی كوشندە بۆ هاشمی دەربكات
سبەی پێنجشەممە وەها بڕیارە دادگای ناوەندیی تاوانەكان لە كەرخی بەغدا، بەبێ ئەوەی تاریق هاشمی لێی ئامادە بێت، بڕیارێكی دەرهەق دەربكات. ئەمەیش دوای ئەوە دێت كە هاشمی رەتی كردەوە بچێتە بەردەم دادگایەك كە سەرۆكوەزیرانی عێراق نووری مالیكی دەستەڵاتی بەسەرەوە هەبێت.
هاشمی بە هۆی 3 تۆمەتەوە كە دراونەتە پاڵی دادگایی دەكرێت، ئەوانیش:ـ كوشتنی بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی ئاساییشی نیشتیمانی، ئەفسەرێكی وەزارەتی ناوخۆ و ژنەپارێزەرێكە.
پەرلەمانتار لە هاوپەیمانیی كوردستانی، موحسین سەعدوون، بە ئاژانسی كوردستانی ڕاگەیاندووە : \"دۆخە یاساییەكە لەبارەی هاشمییەوە سەختە، چونكە بێئەوەی ئەو ئامادە بێت، لەسەر بنەمای گوتە وەرگیراوەكان لەبارەی هاشمییەوە و بێئەوەی بەرگریی لێ بكرێت، وەها چاوەڕوان دەكرێت بریارێكی كوشندەی بۆ دەربچێت.\""
سەعدوون، كە هاوكات ئەندامی لیژنەی یاسایییشە لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت بەپێی یاسا تاكو هاشمی خۆی ئامادە نەبێت ناتوانێت تانە لە هەر بڕیارێكی دادگا بدات کە لەبارەیەوە دەر چووبێت.
دووشەممەی ڕابردوویش دادگای عێراقی تۆمەتی كوشتنی شەش دادوەریشی خستە ئەستۆی هاشمی و پاسەوانەكانییەوە."
