هاوپەیمانیی نیشتمانی رەشنووسی كارنامەی كۆنگرەی نیشتمانی دەداتە عێراقییە و هاوپەیمانیی كوردستان

هاوپەیمانیی نیشتمانی رەشنووسی كارنامەی كۆنگرەی نیشتمانی دەداتە عێراقییە و هاوپەیمانیی كوردستان
بارستەی هاوپەیمانیی نیشتمانی ئەمڕۆ سێشەم رای گەیاند كە رەشنووسی كارنامەی كۆنگرەی نیشتمانی داوەتە خزەیر خوزاعی جێگری سەركۆماری عێراق و ئەویش رادەستی هەردوو لیستی عێراقییە و هاوپەیمانیی كوردستانی كردووە.

خالید ئەسەدی سەركردە لە هاوپەیمانیی نیشتمانی بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، هاوپەیمانیی نیشتمانی رەشنووسی كارنامەی كۆنگرەی نیشتمانی داوەتە خزەیر خوزاعی جێگری سەركۆماری عێراق و سەرپەرشتیاری كۆبوونەوەی لێژنەی ئامادەسازی بۆ ئەوەی بیگەیەنێتە هەردوو لیستی عێراقییە و هاوپەیمانیی كوردستان.

ئەسەدی كە ئەندامی لێژنەی ئامادەسازییە گوتی، پێویستە وەڵامی لیستی عێراقییە و بارستەی هاوپەیمانیی كوردستانمان لەبارەی رەشنووسەكە پێ بگا بۆ ئەوەی رێنوێنی بدرێتە خوزاعی بۆ سازكردنی كۆبوونەوەی لێژنەی ئامادەسازی بۆ دەنگدان لەسەر رەشنووسی كارنامەكە.

ئاماژەی كرد، لیستی عێراقییە و بارستەی هاوپەیمانیی كوردستان مافی تێبینیكردنیان لەسەر رەشنووسەكە هەیە، بەو مەرجەی لەگەڵ دەستووردا پێچەوانە نەبن.

پێنجشەمی رابردوو هاوپەیمانیی نیشتمانی تەواوكردنی رەشنووسی كارنامەی كۆنگرەی نیشتمانی كە بڕیارە لە ماوەی داهاتوو بێتە سازكردن، راگەیاند و دووپاتی كردەوە، بەم نێزیكانە داوای كۆبوونەوەی لێژنەی ئامادەسازی بۆ بڕیاردان لەسەر رەشنووسەكە دەكا.

خالید ئەسەدی ئەندامی لێژنەی ئامادەسازی بە (ئاكانیوز)ی راگەیاند، هاوپەیمانیی نیشتمانی رەشنووسی كارنامەی كۆنگرەی نیشتمانی تەواو كردووە و دووپاتی كردەوە، بەم نێزیكانە داوای كۆبوونەوەی لێژنەی ئامادەسازی بۆ بڕیاردان لەسەر رەشنووسەكە و بەرزكردنەوەی بۆ جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراق دەكا.

جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراق داوای لە لێژنەی ئامادەسازیی كۆنگرەی نیشتمانی كرد پەلە لە كۆتاهێنان بەكارەكانی بكا و هاوپەیمانی كوردستان لای خۆیەوە ئەندامانی لێژنەی ئامادەسازی لە هاوپەیمانیی نیشتمانی سەرپشك كرد لە ئامادەكردنی رەشنووسی كارنامەی كۆنگرەكە، دوای ئەوەی لیستی عێراقییە ئامادەبوونی كۆبوونەوەكانی رەت كردەوە.
Top