دادوەریی عێراق فەرمانی گرتنی هاشمی لە رێگەی ئینتەرپولەوە كارا دەكا
عەبدولسەتار بەیرەقدار گۆتیاری ئەنجوومەنەكە بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، ئەنجوومەنەكە پێشتر فایلێكی یاسایی بۆ بەدەستدانەوەی هاشمی لە رێگەی ئینتەرپولەوە ئامادە كردبوو و ئاماژەی كرد، پرسی گەشتكردن و گواستنەوەی لە نێوان وڵاتاندا لە بەرپرسیارەتی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە.
زیاتر گوتی، گواستنەوەی هاشمی لە نێوان وڵاتاندا بەهۆی نەبوونی رێوشوێنی گرتنی لەلایەن ئینترپولەوە بووە و ئاماژەی كرد، تاریق هاشمی جێگری سەركۆمار و پاسەوانەكانی بە كوشتنی شەش دادوەر تۆمەتبارن و بڕیاری ئازادكردنی ژمارەیەك لە پاسەوانەكانی لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدا بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێوست بووە لەسەریان.
بەیرەقدار روونی كردەوە، پێنجشەمی داهاتوو لەدادگەدانی هاشمی و ژمارەیەوك لە پاسەوانەكانی لەسەر سێ تاوان لە یەك فایلدا دەست پێ دەكا ئەوەیش پێوەندی بە كوشتنی بەڕێوەبەرێكی گشتی لە وەزارەتی تەناهی نیشتمانی و ئەفسەرێكی وەزارەتی ناوەخۆ و پارێزەرێكەوە هەیە.
دوای ئەوەی لە كۆتای ساڵی رابردوودا فەرمانی گرتنی تاریق هاشمی جێگری سەركۆماری عێراق لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەرچوو بەهۆی تێوەگلانی لە \""تیرۆر\""، هاشمی پەنای بۆ هەرێمی كوردستان هێنا و لە سەرەتای ئەم مانگەدا گەشتێكی بۆ چەند وڵاتێكی ناوچەكە ئەنجام دا و ئێستەش لە توركیایە."
