لە ٢٠١٤ـدا عێراق 24 فڕۆكەی F16ـی پێ دەگات

لە ٢٠١٤ـدا عێراق 24 فڕۆكەی F16ـی پێ دەگات
سەرچاوەیەكی باڵا ڕایگەیاندووە كە لە سەرەكانی ساڵی 2014ـدا، عێراق 24 فڕۆكەی F16 لەو 36 فڕۆكە سەربازیانە پێ دەگات كە بەپێی گرێبەستێك لە ئەمەریكای كڕیوون.
لە تەمموزدا سەرۆكوەزیرانی عێراق نووری مالیكی، ئەو ڕێژە فڕۆكەیەی بەرز كردەوە كە دەبووایە عێراق لە سەرەتادا بیانكڕێت، بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی كە دوای ڕۆیشتنی ئەمەریكاییەكان لە كۆتایی 2011ـدا، بۆ پاراستنی ئاسمانی عێراقە.

ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەسكەندەر تووت، بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە كە وڵاتەكەی خوازیاری ئەوەیە كە چەك و كەرەستەی سەربازیی پێشكەوتووتر لە هیی دراوسێكانی هەبێت.

ئەو ڕوونی كردووەتەوە كە عێراق هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا فڕۆكەی زیاتر بكرێت و فڕۆكەوانانیش بە كردەیی مەشق بۆ چۆنیەتیی بەكاربردنی فڕۆكەی F16 دەكەن.

بەپێی هەواڵەكەی ڕۆیتەرز، هەندێ لە دراوسێكانی عێراق و سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی، لەبەرانبەر كڕینی ئەو فڕۆكانەدا هەست بە نیگەرانی دەكەن.

بارزانی چەند جارێك نیگەرانیی خۆی لە كڕینی ئەو فڕۆكانە دەر بڕیوە و پێی وایە كڕینیان لە لایەن مالیكییەوە هەڕەشەیە بۆ سەر گەلانی عێراق و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی.
Top