ئێران بەرامبەر بەپشتیوانیكردن داوا لە مالیكی دەكا 166 موجاهیدینی خەڵقى تەسلیم بكا
ئەو سەرچاوە ئاگەدارە راى گەیاند، لە سەردانەكەى حەوتووى رابردووى نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانى عێراق بۆ ئێران بەرپرسانى ئێرانى داوایان لە مالیكی كردووە 166 كەس لە ئەندامانى ئەو رێكخراوە كە هەندێكیان ئافرەتن تەسلیمی ئێران بكاتەوە.
سەرچاوەكە پتر گوتى، ئێران دەیەوێ لەو ساتەى ئێستەدا سوود لەو ناكۆكییانەى مالیكی لەگەڵ هەندێك لە هاوپەیمانانى لە هاوپەیمانیی نیشتیمانى و مەسعوود بارزانى سەرۆكى هەرێمی كوردستان و ئەیاد عەلاوى سەركردەى لیستی عێراقییە وەربگرێ، تا سەرۆك وەزیرانى عێراق ناچار بێ بەرژدی و بەپەلە داوكارییەكە جێبەجێ بكا و لەبەرامبەریشدا ئێران پشتیوانى لێ بكا بۆ مانەوەى لە پۆستەكەی.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەى كرد كە هەندێك لە ملیشیا شیعەكان بەهاوئاهەنگى لەگەڵ شانەكانى سوپاى قودسی ئێران دەستیان بەجموجۆڵ كردووە لەناو خاكى عێراق بۆ رفاندنى چەند سەركردەیەكی رێكخراوى موجاهیدینی خەڵق لە كەمپی ئەشرەف.
عەلی شوبەر ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامى كە عەمار حەكیم سەرۆكایەتی دەكا گوتى، حكوومەتى ئێران هەردەم دەیەوێ تەنگژە لە دۆخى سیاسیی وڵات دروست بكا تا پاڵەپەستۆ بخاتە سەر حكوومەتى عێراق بۆ ئەوەى كۆمەڵێك لە ئەندامانى موجاهیدینی خەڵقی كەمپی ئەشرەق لە پارێزگەى دیالە رادەستی بكەن تا لە ئێران لەدادگەیان بدا، رۆژنامەى \""سیاسە\""ى كوێتی لە ژمارەى ئەمڕۆدا گواستییەوە. "
