نوێنەرى سیستانى: پێویستە خاڵە جێناكۆكەكانى رێكەوتنامەى هەولێر ئاشكرا بكرێن
ئەحمەد ئەلسافى دوێنێ لە وتارى هەینیدا گوتى \"رێكەوتنامەى هەولێر ئەگەرچى تا ئێستە خاڵەكانى بۆ میدیاكان و گەلى عێراق ئاشكرا نەكراوە، بەڵام جۆرێك لە رەزامەندى لەناو لایەنە سیاسییەكاندا دروست كرد\"".
هەروەها گوتى، ئێمە داوا دەكەین خاڵەكانى ئەو رێكەوتنامەیە بۆ راى گشتى ئاشكرا بكرێن، تا خەڵك لێیان ئاگەدار بن و بزانن خاڵە جێناكۆكەكانیان كامانەن و چەندە لەگەڵ دەستوور كۆك یاخۆ ناكۆن.
جەختیشى كرد، شاردنەوەى ناوەرۆكى ئەو رێكەوتنامەیە كارێكى نادروستە و گەلى عێراق لە گێژاوێكدا دەهێڵێتەوە، هەروەها دەرفەتى ئەوەى بۆ ناڕەخسێ ئەوانە بناسێتەوە كە كۆسپن لەبەردەم چارەسەرى تەنگژەى سیاسیی وڵاتدا.
ماوەی چەند مانگێكە دۆخى سیاسیی عێراق بەهۆى ناكۆكییەكانى كورد و عێراقییە لەلایەك و لیستى دەوڵەتى یاساى نورى مالیكى لەلایەكى ترەوە تووشى تەنگژە بووە و هەردوو لایەنى دووەم مالیكى بە قۆرخكردنى دەسەڵات و پەراوێزخستنى لایەنە سیاسییەكانى ركابەرى تۆمەتبار دەكەن.
لەچوارچێوەى هەوڵەكانى لایەنە عێراقییەكان بۆ چارەسەرى ئەو دۆخە، پێرێ پێنجشەم موقتەدا سەدرى سەرۆكى رەوتى سەدر بە داوەتى رەسمیى مەسعوود بارزانى سەرۆكى هەرێم گەیشتە شارى هەولێر."
