عەللاوی: كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ سەركردایەتیی كورددا بێوێنە بوون

عەللاوی: كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ سەركردایەتیی كورددا بێوێنە بوون
سەرۆكی لیستی عێراقییە پاش چەند كۆبوونەوەیەكی چڕ لەگەڵ سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بەتایبەتی لەگەڵ سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی كۆماردا، دوایین كۆبوونەوەی خۆی لە هۆتێل رۆتانای شارەكەدا گرت.
(ئەیاد عەللاوی) لە بارەی ئەنجامەكانی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەكانی، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ رۆژنامەی “هەولێر” گوتی: “كۆبوونەوەكان بێوێنە بوون و چەندین مەسەلەی گرنگی عێراقی و كوردستانی باس كران.”

یەكێك لە سەركردە دیارەكانی لیستی عێراقییە (جەواد پۆڵانی) لە رێگەی تەلەفۆنەوە بە رۆژنامەی “هەولێر”ـی راگەیاند: كۆبوونەوەكەی (عەللاوی) لەگەڵ سەركردایەتیی سیاسیی كوردستاندا، زۆر باش بووە و ئەو ئەنجامانەیش كە بە دەست هاتوون، پۆزەتیڤ بوون.

(پۆڵانی) روونیشی كردەوە: “باسی چەندین دۆسییە كراوە، لەوانە ناكۆكییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ناوەند. بارودۆخی گشتیی عێراق و هەروەها باسی زۆر مەسەلەی دیكەیش كراوە.”

ئەو سەركردەیە كە ئاشكرای نەكرد لەو كۆبوونەوانەی (عەللاوی) لەگەڵ سەركردە كوردەكاندا باسی متمانە لێسەندنەوە لە (مالیكی) كرابێت یان نا، گوتیشی: “بە تایبەت لەگەڵ پەرەسەندنی زیاتری كێشەكان و گەورەبوونی قەیرانەكاندا، هەر دەم لەوانەیە كورد و عێراقییە و چەند لایەنێكی دیكەی نێو هاوپەیمانییەكە، متمانە لە (مالیكی) بستێننەوە.”
Top