هاوپەیمانیی نیشتمانی تەواوكردنی رەشنووسی كارنامەی كۆنگرەی نیشتمانی راگەیاند
خالید ئەسەدی ئەندامی لێژنەی ئامادەسازی بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، هاوپەیمانیی نیشتمانی رەشنووسی كارنامەی كۆنگرەی نیشتمانی تەواو كردووە و دووپاتی كردەوە، بەم نێزیكانە داوای كۆبوونەوەی لێژنەی ئامادەسازی بۆ بڕیاردان لەسەر رەشنووسەكە و بەرزكردنەوەی بۆ جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراق دەكا.
زیاتر گوتی، رەشنووسەكە هەموو بیرۆكە و پرسەكانی لە ناو لێژنەكە خرابوونە وتوێژ و لەگەڵ بەرژەوەندیی وڵات و گیانی دایەلۆگی بە بنەما دەگونجێن، لەخۆ دەگرێ و دووپاتی كردەوە كە رەشنووسەكە لە دوو رۆژی داهاتوودا لەناو لێژنەكە بڕیاری لەبارەوە دەدرێ.
حەوتووی رابردوو جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراق داوای لە لێژنەی ئامادەسازیی كۆنگرەی نیشتمانی كرد پەلە لە كۆتاهێنان بەكارەكانی بكا و هاوپەیمانی كوردستان لای خۆیەوە ئەندامانی لێژنەی ئامادەسازی لە هاوپەیمانیی نیشتمانی سەرپشك كرد لە ئامادەكردنی رەشنووسی كارنامەی كۆنگرەكە، دوای ئەوەی لیستی عێراقییە ئامادەبوونی كۆبوونەوەكانی رەت كردەوە.
