وه‌زاره‌تی پلاندانانی عیراق راپۆرتێك له‌باره‌ی ئاستی بژێوی بۆ ساڵی 2011 بڵاوده‌كاته‌وه‌

وه‌زاره‌تی پلاندانانی عیراق راپۆرتێك له‌باره‌ی ئاستی بژێوی بۆ ساڵی 2011 بڵاوده‌كاته‌وه‌
وه‌زاره‌تی پلاندانی عیراق راپۆرتێكی بڵاوكرده‌وه‌ له‌ باره‌ی ئاستی بژێوی ژیانی دانیشتوانی عیراق له‌ ساڵی 2011 دا.
به‌ گوێره‌ی ئه‌و راپۆرته‌ كه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگای ئاماری ناوه‌ندی و به‌ هاوكاری پڕۆگرامی په‌ره‌پێدانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاماده‌ كراوه‌، شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدای پایته‌خت له‌ رووی بنیاتنانی ژێرخانی ئابوورییه‌وه‌ له‌ پێشه‌وه‌ی سه‌رجه‌م شاره‌كانی عیراق دێن.
هه‌روه‌ها راپۆرته‌كه‌ چه‌ندین رێنمایی و راسپارده‌ی له‌خۆگرتووه‌ به‌ مه‌به‌ستی باشتركردنی ره‌وشی ژیانی هاووڵاتیان له‌ ناوچه‌ هه‌ژارنشینه‌كانی عیراقدا.
له‌وباره‌یه‌وه‌، دوێنێ 22-4 مه‌هدی عه‌لاق سه‌رۆكی ده‌زگای ئاماری ناوه‌ندیی عیراق، له‌ وته‌یه‌كدا رایگه‌یاند: راپۆرته‌كه‌ سه‌ربه‌خۆییانه‌و زۆر پیشه‌ییانه‌ ئاماده‌كراوه‌و پشتی به‌ بنه‌ماو زانیاری نوێ به‌ستووه‌.
راشیگه‌یاند: راپۆرته‌كه‌ ده‌ریخستووه‌ كه‌ پارێزگای میسان هه‌ژارترین پارێزگای عیراقه‌و دوای ئه‌ویش پارێزگاكانی دیاله‌و بابل و زیقارو سه‌ڵاحه‌دین دێن.
ئه‌مه‌ دووه‌م راپۆرته‌ كه‌ ده‌زگای ئاماری ناوه‌ندی عیراق سه‌باره‌ت به‌ ئاستی بژێوی هاووڵاتیان ده‌ریده‌كات، یه‌كه‌م راپۆرتیشی له‌ ساڵی 2006 ده‌ركردو ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كان كرا به‌ مه‌به‌ستی باشتركردنی ره‌وشی ژیانی هاووڵاتیانی هه‌ژارو كه‌مده‌رامه‌ت.
Top