هاوپەیمانیی كوردستان هەوڵەكانی بۆ بەستنی كۆبوونەوەی بەپەلەی هێزە سیاسییەكان چڕ دەكاتەوە
موحسین سەعدوون جێگری سەرۆكی بارستەی هاوپەیمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، دوای گەڕانەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوایەك ئاراستەی سەرجەم بارستە سیاسییەكان دەكەین بەمەبەستی ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی هێزە سیاسییەكان لە كاتێكدا ئەگەر كۆنگرەی نیشتمانی ئەنجام نەدرا.
زیاتر گوتی، بەرژەوەندیی گشتی وا دەخوازێ هێزە سیاسییەكان كۆبوونەوەیەكی بەپەلە ئەنجام بدەن. ئاماژەی دا كە تا ئێستە بڕیارمان نەداوە كۆبوونەوەكە كەی و لە كوێ و لەسەر چ ئاستێكدا بێ.
تەنگژەی ئێستەی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ناكۆكییەكانی نێوان هاوپەیمانیی نیشتمانی و هاوپەیمانیی كوردستان و لیستی عێراقییە لەبارەی بەڕێوەبردنی وڵات و رێككەوتننامەی هەولێر و پرسی هاشمی و موتڵەگ.
بەم دوایییە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیمانەیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی حەیاتی لەندەنی رای گەیاند، كە گەڕامەوە كوردستان داوا دەكەم هەموو سەركردە عێراقییەكان لە هەولێر یان لە هەر شوێنێكی تر كۆ ببنەوە، بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی ئێستەی وڵات.
بارزانی ئاماژەی دا ئەگەر مالیكی ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبێ، ئەوا ئەوان مانەوەی مالیكی لە دەسەڵات رەت دەكەنەوە.
دوای سەردانیكردنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و بولگاریا و هەنگاریا و توركیا و ئەنجامدانی چەندین دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆك و گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتانە، شەوی رابردوو مەسعوود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆتایی بە سەردانەكەی هێنا و گەیشتەوە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان.
