(مالیكی) لە 2010ـەوە خەریكی پلانداڕشتنە دژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان
(ئەرانگۆ) نووسیویەتی: ڕاستە ئەو هەڵبژاردنە بەشێوەیەكی ئازاد و دوور لە ساختەكاری بەڕێوەچوو، بەڵام دەستبەسەركردنی بەرپرسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان (فەرەج حەیدەری) لە لایەن بەرپرسانی عێراقەوە، ئەو گومانەیش لەگەڵ خۆی دەهێنێت، كە ئیدی ئەستەمە هەڵبژاردنی ئازاد لەم وڵاتەدا بەڕێوە بچێت.
سەیرە باس لە گەندەڵی دەكرێت
نووسەری بابەتەكە سەرسامیی خۆی دەردەبڕێت، كاتێك تۆمەتی گەندەڵی دەدرێتە پاڵ (فەرەج حەیدەری) و لە سەر ئەو تۆمەتەیش دەگیرێت، چونكە ساڵانە ملیۆنەها دۆلاری ئەمەریكی لەم وڵاتەدا و لە كاتی واژۆكردنی گرێبەستەحكومەتییەكاندا، لەوانەیش گرێبەستەكانی تایبەت بە نەوت، دیار نامێنێت و كەسیش باسی ناكات.
(ئەرانگۆ) نووسیویەتی: (نووری مالیكی) ماوەی 2 ساڵە تەواوی هەوڵی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كۆنترۆڵ بكات. مانەوەی ئەم ئەنجوومەنە بە شێوەیەكی سەربەخۆ بە واتای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئازاد و دوور لە ساختەكاری و فشار و رۆڵی پارت و لایەنە سیاسییەكانە.
(مالیكی) و كۆنترۆڵكردنی دەسەڵات
ڕەخنەگرانی (مالیكی) دەڵێن: سەرۆكوەزیرانی عێراق ماوەیەكە هەوڵی بەهێزكردنی پێگە و دەسەڵاتی خۆی دەدات لە عێراقدا و لەو چوارچێوەیەیشدا هەنگاوی زۆری هەڵگرتووە. ئیدی هەر لە كۆنترۆڵكردنی هێزی ئاسایشی وڵات و بانقی ناوەندیی وڵاتەوە بگرە تاكو دەگاتە دەستبەسەركردنی بەرهەڵستكارەكانی و خەڵكی دیكە بە تۆمەتی ئەنجامدانی كودەتا.
نووسەری بابەتەكەی نیویۆرك تایمز دەڵێت: ژمارەیەكی زۆر لە توێژەرەوەكان پێیان وایە، پرۆسەی دیموكراسی كاتێك لە عێراقدا سەردەكەوێت، كە نەوەیەكی نوێ لە سەركردەكان لە وڵاتدا دەر بكەون، بەڵام نەهێشتنی سەربەخۆیی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بە واتای ئەوە دێت، لەمەوپاش هەڵبژاردنی ئازاد لەم وڵاتەدا بەڕێوە ناچێت و هەربۆیەیش سەركردە لە نێو نەوەی نوێی گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا دەرناكەون.
(فەرەج حەیدەری) دەڵێت: “ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن لە عێراقدا ئەنجام بدرێت، ئەوا هاوشێوەی ساڵی 2010 دوور لە ساختەكاری نابێت”.
هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق
ئەركی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ئەم مانگە تەواو دەبێت و بڕیارە پەرلەمانی وڵاتیش تاكو كۆتایی ئەم مانگە چەند نوێنەرێكی نوێ بۆ ئەو ئەنجومەنە دیاری بكات. ئەگەر پلانەكە بەم جۆرە بێت، ئەوا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی داهاتوو و هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 2014 لە كاتی خۆیدا بەڕێوە دەچوو.
بەڵام چەند رۆژێك لەوەپێش، نوێنەری ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق (مارتین كۆبلەر) ڕایگەیاند: پێناچێت پەرلەمان دەنگ لە سەر ئەندامانی لیژنەكەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بدات و ئەمەیش ئەوە پێشان دەدات، كە پێناچێت هەڵبژاردنەكان لە كاتی خۆیاندا بەڕێوە بچن. (كۆبلەر) ڕوونی كردەوە، “بە بێ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئازاد و دوور لە ساختەكاری و پڕ لە ڕكابەرایەتی،ئەزموونی دیموكراسیی ڕاستەقینەیش ون دەبێت”.
هەوڵەكانی (مالیكی) بۆ كۆنترۆڵكردنی كۆمسیۆنەكە
نووسەری بابەتەكەی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز دەڵێت: (مالیكی) لە ساڵی 2010ـەوە كێشەی لەگەڵ ئەم كۆمسیۆنە هەیە، پاش ئەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكە ڕاگەیەنرا و لیستی دەوڵەتی یاسای سەرۆكوەزیرانیش نەیتوانی زۆرینەی دەنگەكان بەدەست بهێنێت و هەربۆیەیش لەو كاتەوە هەوڵی داوە، بە تەواوی كۆنترۆڵی بكات.
یەكەمین هەوڵی (مالیكی) لەو بوارەدا لە ساڵی ڕابردوودا و لە ڕێگای دادگای باڵای عێراق و لیژنەی نەزاهەوە بوو، پاش ئەوەی (مالیكی) گوشاری خستنە سەری، بۆ ئەوەی داوا بكەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە.
ئەم پلانەی (مالیكی)، بەهۆی دژایەتیكردنی پەرلەمان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكانەوە شكستی هێنا.
ناوبراو وازی لە هەوڵەكانی خۆی بۆ كۆنترۆڵكردنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان نەهێنا و ئەمجارە پەنای بۆ تاكتیكێكی دیكە برد، ئەویش تۆمەتباركردنی بەرپرسەكان بوو بە گەندەڵی.
ساڵی ڕابردوو ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق لە سەر لیستی پارتەكەی سەرۆكوەزیران بە ناوی (حەننان فەتلاوی) دەستی بە لێكۆڵینەوەیەكی پەرلەمانی كرد، بۆ ڕوونكردنەوەی ڕاستییەكان دەربارەی ئەو تۆمەتانەی درانە پاڵ كۆمسیۆنەكە، بەڵام بۆی ڕوون بووەوە ئەو بابەتە بە سیاسی كراوە و هەربۆیەیش پەرلەمان زۆرینەی تۆمەتەكانی ڕەت كردەوە.
