سبەی پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر درێژكردنەوەی ماوەی كاری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەدا

سبەی پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر درێژكردنەوەی ماوەی كاری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەدا
بڕیارە پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ژمارە 36ی سبەی پێنجشەم دەنگ لەسەر درێژكردنەوەی ماوەی كاری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و لادانی سابر عیساوی ئەمینداری بەغدا بدا.
ئەشواق جاف پەرلەمانتار لە لیستی هاوپەیمانیی كوردستان بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق دەنگدان لەسەر درێژكردنەوەی ماوەی كاری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتار حەبیب جابر و لادانی سابر عیساوی ئەمینداری بەغدا بەخۆیەوە دەبینێ.

زیاتر گوتی، هەروەها لە دانیشتنەكەدا دەنگ لەسەر پاڵاوكی ئەندامیەتیی دادگەی تەمیزی فیدراڵ دەدرێ و ئاماژەی كرد، وێڕای دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای چەك و پڕۆژەیاسای هەمواركردنی یاسای سزاكان ژمارە 111ی ساڵی 1969 و پڕۆژەبڕیاری درێژكردنەوەی راژەی دادوەران.

بەپێی یاسای ئێستەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، ماوەی كاری كۆمسیۆنەكە لەو مانگەدا بە كۆتا دێ، بەڵام لێژنەی شارەزایانی پەرلەمان تا ئێستە لە كارەكەیان بۆ دیاریكردنی كۆمسیۆنی نوێ بەكۆتا نەهاتوون.






(ئاكانیوز)
Top