عادل بەروارى: خزمەتكارى مالیكی نیم

عادل بەروارى: خزمەتكارى مالیكی نیم
عادل بەرواری راوێژكارى دوورخراوى نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانى عێراق گوتى، مالیكی لەسەر لێدوانێكی لەبارەى پرسی راوێژكردن لەسەر پڕۆژەیاسای نەوت لێی توورە بووە، ئاماژەى دا بۆ خزمەتكردنى گەلی كوردستان ئەو پۆستەی وەرگرتووە و خزمەتكارى مالیكی نییە.

عادل بەروارى كە ماوەى نێزیكەى 2 ساڵە بەگرێبەست راوێژكاری سەرۆك وەزیرانى عێراقە، بەڵام لەمڕۆژانەدا گرێبەستەكە رەت كرایەوە و ئەویش گەیشتە كاروانی سەركردە كوردەكان كە ئێستە حكوومەتى بەغدا دووریان دەخاتەوە.

بەروارى گوتى، بەپێی گرێبەستێكی رەسمی لەسەر پێشنیازى سەركردایەتیی كورد ئەو پۆستەم وەرگرتووە، بەڵام تا ئێستە مالیكی لە بچووكترین كار تا گەورەترین كار پرسی پێ نەكردووم.

پتر گوتى، پڕۆژەیاسای نەوت و غاز كە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بەبێ پرسی رۆژ نووری شاوێس جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیرە كوردەكان تێیپەڕاند و روانەى پەرلەمان كرا، منیش لە لێدوانێكدا دووپاتم كردەوە كە پێویست بوو مالیكی پرسی بەئێمە بكردایە، ئەمەش بووە هۆى تووڕەبوونى مالیكی.

ئەو راوێژكارە كوردە گوتى، بەنێزیكەكانى مالیكم راگەیاندووە كە من خزمەتى گەلی كوردستان دەكەم و پێوەندیی هەرێم بەحكوومەتى ناوەندە رێك دەخەم، من خزمەتكار نیم لاى هیچ سەرۆك وەزیرانێك.
Top