پێش كۆنگرە لەگەڵ كەس كۆ نابنەوە

پێش كۆنگرە لەگەڵ كەس كۆ نابنەوە
پەرلەمانتارێكی نێزیك لە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ یەكشەم رای گەیاند، دەوڵەتی یاسا بەشداریی هیچ كۆبوونەوەیەكی لایەنە سیاسییەكان ناكا ئەگەر ئەو كۆبوونەوەیە پێش كۆنگرەی نیشتمانی بێتە ئەنجامدان.

حەوتووی رابردوو مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی سەرانی بارستە سیاسییەكانی كرد بۆ چارەسەركردنی دۆخی سیاسیی ئێستەی عێراق.

هاوكات جەلال تاڵەبانی سەركۆمار لە وتوێژی بەردەوامدایە بۆ سەرخستنی كۆنگرەی نیشتمانی كە مانگی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری ساڵی رابردوو دوای بەستنی كرد و تا ئێستە چەند كۆبوونەوەیەكی ئامادەكاری بۆ بەستنی ئەو كۆنگرەیە ئەنجام دراون.

كەمال ساعدی پەرلەمانتاری نێزیك لە مالیكی بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، جەلال تاڵەبانی سەركۆمار بانگهێشتنی سەرجەم لایەنەكانی كردووە بۆ ئامادەبوون لە كۆنگرەی نیشتمانی كە ماوەی سێ مانگە ئامادەكاری بۆ بەستنی ئەو كۆنگرەیە دەكرێ و لەو ماوەیەشدا وتوێژی زۆر ئەنجام دراون.

لەبارەی ئەوەی ئاخۆ مالیكی بەدەنگ بانگهێشتنەكەی بارزانی دێ كە داوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەی بەپەلەی لایەنە سیاسییەكانی كردبوو، ساعدی گوتی، ئەستەمە بانگێشتنەكەی تاڵەبانی بۆ بەستنی كۆنگرەی نیشتمانی پێشتگوێ بخەین.

هەروەها گوتی، نازانم مالیكی ئامادەی كۆنگرەی نیشتمانی دەبێ یان نا، بەڵام ئێمە وەك دەوڵەتی یاسا پێمان وایە كەسی یەكەمی دەوڵەت داوای كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كردووە و ناكرێ پشتگوێ بخرێ.

بەم دوایییە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیمانەكدا لەگەڵ رۆژنامەی حەیاتی لەندەنی رای گەیاند، كە گەڕامەوە كوردستان داوا دەكەم هەموو سەركردە عێراقییەكان لە هەولێر یان لە هەر شوێنێكی تر كۆ ببنەوە، بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی ئێستەی وڵات.

بارزانی ئاماژەی دا بەوەی كە ئەگەر مالیكی ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبێ، ئەوا ئەوان مانەوەی مالیكی لە دەسەڵات رەت دەكەنەوە.
Top