لیستی عێراقییە و هاوپەیمانیی كوردستان پاڵپشتی لە لادانی شەهرستانی دەكەن

لیستی عێراقییە و هاوپەیمانیی كوردستان پاڵپشتی لە لادانی شەهرستانی دەكەن
لیستی عێراقییە و لیستی هاوپەیمانیی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەم رایان گەیاند كە پاڵپشتی لە لادانی حوسێن شەهرستانی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە لە پۆستەكەی دەكەن بەهۆی خراپیی بەڕێوەبردنی فایلی وزە (نەوت و كارەبا).

ئەمڕۆ لێژنەی لێكۆڵینەوەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی گرێبەستەكانی وەزارەتی كارەبا رای گەیاند كە لە راپۆرتەكەیدا رێنوێنیی لادانی شەهرستانی و پێنج فەرمانبەری تر بەهۆی خراپیی دۆخی وزەی كارەبای كردووە.

فەرهاد ئەترووشی ئەندامی لێژنەكە و لیستی هاوپەیمانیی كوردستان بەئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، ماوەی دوو ساڵە شەهرستانی پۆستی سەرۆكی لێژنەی وزەی لە عێراق وەرگرتووە و بەر لەوەش پۆستی وەزارەتی نەوتی لە حكوومەتی پێشوو بەڕێوە بردووە، بەڵام فایلی وزە هیچ پێشكەوتنی بەخۆوە نەبینیوە.

زیاتر گوتی، شەهرستانی كەڵكی بەڕێوەبردنی پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزەی نییە و ئێستە كاتی ئەوە هاتووە بێتە گۆڕین و ئاماژەی كرد، تەنانەت پارەیەكی زۆر بۆ بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت خەرج كراوە، بەڵام بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنان زۆر كەمە.

ئەترووشی هیوای خواست لایەنی سیاسی لە پرسی لادانی شەهرستانی لە پۆستەكەی بەدوور بگیرێ، چونكە ئەو فایلە هیچ پێوەندی بە ناكۆكیی نێوان هاوپەیمانیی كوردستان و شەهرستانی نییە، بگرە پێوەندی بە ژمارەیەك گرێبەستی وەهمی هەیە كە بە ژمارە تۆمار كراون.

لای خۆیەوە هادی زاڵمی گۆتیاری بزووتنەوەی ویفاقی نیشتمانی یەكێك لە پێكهاتەكانی عێراقییە بە(ئاكانیوز)ی راگەیاند، لیستی عێراقییە چەندان تێبینیی هاوپێچكراو بە ژمارە لەسەر توانا و كاری حوسێن شەهرستانی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە خستووەتە روو.

زیاتر گوتی، بڕیاری كۆتا لە پرسی لادانی شەهرستانی لە پۆستەكەی بۆ پەرلەمانی عێراقە و لیستی عێراقییە پاڵپشتی لە لادانی شەهرستانی و دانانی كەسێكی تر بۆ بەڕێوەبردنی فایلی وزە دەكا.

حوسێن شەهرستانی كە سەرۆكایەتیی بارستەی \"سەربەخۆكان\"" لە چوارچێوەی تەباییی دەوڵەتی یاسا دەكا، لە حكوومەتی پێشووی عێراق پۆستی وەزیری نەوت و دواتر وەزیری كارەبای بە وەكالەت وەرگرت، ئێستەش جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقە بۆ كاروباری وزە."
Top