لێژنەیەكی لێكۆڵینەوە داواى لەكارلادانى شەهرستانى و چەند فەرمانبەرێكی تر دەكا

لێژنەیەكی لێكۆڵینەوە داواى لەكارلادانى شەهرستانى و چەند فەرمانبەرێكی تر دەكا
ئەمڕۆ چوارشەم سەرۆكى لێژنەى لێكۆڵینەوە لەبارەى گرێبەستەكانى وەزارەتى كارەباى عێراق راى گەیاند، ئەوان لە راپۆرتەكەى خۆیاندا داواى لەكارلادانى حوسێن شەهرستانى و 5 فەرمانبەرى ترى وەزارەتى كارەبایان كردووە.

چاوەڕوان دەكرا راپۆرتى لێژنەكە لەبارەى گەندەڵییەكانى وەزارەتى كارەبا لە ساڵی 2003ەوە تا 2011 بخرێتە نێو كارنامەى كۆبوونەوەكانى پەرلەمان، بەڵام بەهۆى پاڵەپەستۆى سیاسی تا ئێستە راپۆرتەكە نەخراوەتە بەردەم پەرلەمان.

عودەى عەواد سەرۆكى لێژنەی لێكۆڵینەوە بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، راپۆرتى كۆتاى لێژنەى لێكۆڵینەوە لەبارەى گەندەڵییەكانى وەزارەتى كارەبا داواى لەسەركارلادانى شەهرستان جێگری سەرۆك وەزیرانى عێراق بۆ كاروبارى وزە كردووە لەگەڵ 5 فەرمانبەری تر بەپلەى بەڕێوەبەرى گشتیی كردووە، ئاماژەى كرد كە راپۆرتەكە لە ئەنجوومەنى نوێنەران دەخوێندرێتەوە و دەنگى لەسەر دەدرێ.

عەدى گوتى، ئەگەر هاتوو راپۆرتەكە زۆرینەى دەنگى ئەندامانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى دەستەبەر كرد ئەو كات پێویستە دەسەڵاتى جێبەجێكردن ئەو بڕیارە جێبەجێ بكا.

پتر گوتى، دەستوور و پێڕەوى ناوەخۆی پەرلەمان لەسەركارلادانى دیاری كردووە، لێژنەكەش پرسەكەى خستووەتە بەردەم ئەنجوومەنى نوێنەران و رێوشوێنە دەستوورییەكانیش لەرێگەى كۆكردنەوەى ئیمزاوە دەكرێ بۆ بانگهێشتنى شەهرستانى بۆ بەردەم پەرلەمان و دەنگدان لەسەر لادانى.

لەبارەى لەسەركارلادانى فەرمانبەرە باڵاكانى وەزارەتى كارەبا عەواد گوتى، لەسەركارلادانى ئەوانە لە دەسەڵاتى ئەنجوومەنى وەزیران دایە، پاش گەیشتنى راپۆرتەكە بۆ پەرلەمان و دەنگدان لەسەری.

پاش رووخانى رێژێمی بەعسی لەسەركارلادراو تا ئێستە عێراق دووچارى نەبوونى كێشەى كارەبا بووەتەوە، وەزارەتى داراییی عێراق ئاشكراى كرد لە ساڵی 2003ەوە تا ئێستە 27 ملیار دۆلارى ئەمەریكایی لەو كەرتە خەرج كراوە.
Top