عارف تەیفوور: سەركۆمار لە هەوڵی ئاساییكردنەوەی گرژی نێوان حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستاندایە
عارف تەیفوور ئەمڕۆ چوارشەم بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، تا ئێستە شەڕێكی راگەیاندنی توند لە نێوان هەرێم كوردستان و حكوومەتی عێراقدا هەیە، ئەو شەڕە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەكدا نییە، بۆیە پێویستە كار بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە بكرێ.
پتر گوتی، بەردەوامبوونی ئەو هەڵمەتە توندیەی لێدوان دژ بە یەكتر هێندەی تر دۆخەكەی بەرەو ئاڵۆزبوونی پتر بردووە، بەشێوەیەك بواری ئەوەی نەهێشتووەتەوە كێشەكان چارەسەر بكرێن.
تەیفوور ئەوەشی روون كردەوە، سەرەڕای ئالۆز بوونی دۆخەكە، بەڵام لە ئێستەدا جەلال تاڵەبانی سەركۆمار لەگەڵ لایەنەكان لە هەوڵدایە بۆ ئاساییكردنەوەی ئەو ئالۆزییانەی ماوەیەكە لە نێوان هەرێم و حكوومەتی عێراق سەری هەڵداوە.
ئاماژەی بەوەش دا، دوێنێ شەو سەركۆمار لەگەڵ لایەنی لیستی دەوڵەتی یاسا ئاساییبوونەوەی دۆخەكەی تاوتوێ كردووە، بڕیاریشە ئەمڕۆش بۆ هەمان مەبەست جارێكی تر كۆ ببنەوە، بۆیە پێم وایە دۆخەك بەرەو ئاساییبوونەوە هەنگاو دەنێ.
ئەوەشی ئاشكرا كرد، بە هۆی ئاڵۆزبوونیی پێوەندییەكانی نێوان سەرجەم لایەن و پێكهاتەكان پرۆسەی سیاسی لە عێراق پەكی كەوتووە، ئەو پەك خستنەش بووەتە هۆییەك كاریگەریی نەرێنی لەسەر بوارەكانی تریش دروست بكا.
لای خۆیەوە فاتیح داراغایی پەرلەمانتاری عێراق لە كۆمەڵی ئیسلامی بۆ (ئاكانیوز) ی راگەیاند، ئاڵۆزبوونی دۆخی سیاسی و پێوەندییەكانی نێوان لایەنەكان بەهۆی ئەوەیە ماوەیەكی زۆرە سەری هەڵداوە و بێ چارەسەركردن ماوەتەوە.
داراغایی گوتى \"ئەو جۆرە هەوڵانەی ئێستە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە دادەنرێ رەنگە بۆ ماوەیەكی كاتیی ئەو گرژیانە كەم ببنەوە،بەڵام ئەگەری سەرهەڵدانەوەی لێ دەكرێ، چونكە هەوڵەكان كاتییە و ئەو كێشانەی هەیە كێشەی گەورە و ئاڵۆزن و پێویستی بە چارەسەركردنی یەكجارەكی هەیە."
