رۆژ شاوێس: تا ئێستە لایەنەكانی عێراق لەسەر وردەكاریی كۆنگرەی نیشتمانی رێك نەكەوتوون
شاوێس كه هاوكات ئەندامی لیژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەكەشە، ئەمڕۆ چوارشەم لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز) ی راگەیاند \""ماوەی چەند مانگێكە دەستمان بە ئەنجامدانی ئامادەكاری كردووە بۆ ئەوەی كۆنگرەی نیشتمانی بێتە بەستن، بەڵام تا ئێستە رێكەوتن لە نێوان لایەنەكان نەبووە بۆ ئەوەی لەو وادەیەی بۆ دیاری كراوە بێتە بەستن\"".
زیاتر گوتی، وەك سەرەتا وا رێك كەوتووین پابەند بین بە دەستووری عێراق و رێكەوتنی هەولێر و ئاڵوگۆڕكردنی دەسەڵات بە شێوەیەكی ئاشتییانە و بە شێوازی دیموكراسییانە بێ.
هەروەها گوتی، پاشان گفتوگۆ لە سەر دوو شت دەكرێ، ئێمە و لایەنی عێراقییە دووپات لە سەر جێبەجێكردنی رێكەوتنامەی هەولێر دەكەینەوە، چونكە ئەو رێكەوتنامەیە پێویستی بە دووبارە گفتوگۆكردن نییە، بگرە پێویستە وەك خۆى جێبەجێ بكرێ، هەروەها شێوازی جێبەجێكردنەكە بڕیاری لە سەر بدرێ و زەمانەتیش بۆ جێبەجێكردنی دیاری بكرێ.
زیاتر گوتى \""بەڵام هاوپەیمانیی نیشتمانی دەیانەوێ شتەكان تێكەڵ بكەن، وەك سەرەتا دەڵێن پابەندین بە دەستوور، بەڵام لە كارنامەی كاری كۆنگرەدا دەیانەوێ شتەكان هەمووی تێكەڵ بكەن، نایانەوێ هەندێ شت كە مەبەستیانە بایەخی پێ بدرێ\"".
شاوێس گوتى \""پێشبینی ناكەم كۆنگرەی نیشتمانی سبەی ببەسترێ، چونكە لە كۆبوونەوەی دوێنێ شەوی لێژنەی ئامادەكاری نەگەیشتینە رێكەوتن، بڕیار وایە سەعات 4ی ئێوارەی ئەمڕۆش بۆ جارێكی تر لێژنەكە كۆ ببێنەوە و چاوەڕوانی ئەنجامی دانیشتنەكە دەكەین\""."
