سەرۆكایەتیی كۆمار: سەرجەم بارستە سیاسییەكان بەڵێنی بەشداریكردنیان لە كۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئامادەكاری داوە
بڕیارە ئەمڕۆ شەشەم كۆبوونەوەی لێژنەى ئامادەكاری بۆ كۆنگرەى نیشتمانى ساز بكرێ، بەمەبەستی زەوینە خۆشكردن بۆ كۆنگرەى نیشتمانى كە بڕیارە دووسبەى پێنجشەم بەسەرپەرشتیی جەلال تاڵەبانى سەركۆمارى عێراق ساز بكرێ.
خوزەیر خوزاعی لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز) ناردووە و تێیدا هاتووە، سەركۆمارى عێراق و خوزەعی لە كۆبوونەوەیەكدا دوایین كارەكانى لێژنەى ئامادەكاریی هاتە باسكردن و خوزاعی ئاماژەى كرد كە كارەكان بەچڕی بەڕێوە دەچێ و دووپاتى كردەوە كە سەرجەم بارستە سیاسییەكانى رەزامەندییان لەسەر ئامادەبوونى كۆبوونەوەكە و سەرخستنى كردووە.
سەرچاوەكە پتر گوتى، هەروەها لەو كۆبوونەوەیەدا سەركۆمار و جێگرەكە دووپاتیان كردووە كە دەبێ تەنگژەكانى نێوان حكوومەتى هەرێم و حكوومەتى فیدراڵی لەسەر بنەواى گفتوگۆ و گەڕانەوە بۆ دەستوور بێتە چارەسەركردن.
سەرەتاى ئەم مانگە حەیدەر مولا گۆتیارى لیستی عێراقییە چەند مەرجێكی دانا بۆ بەشداریكردنى لیستەكەی لە كۆنگرەى نیشتمانى، بەڵام هەر لە هەمان رۆژ نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانى عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دانانى مەرجی پێشوەختەى بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەى نیشتمانى رەت كردەوە.
