هەرێم لە چوونی (هاشمی)بۆ دەرەوەی عێراق بێئاگایە
پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی چوونی جێگری سەركۆماری عێراق (تاریق هاشمی) بۆ وڵاتی قەتەر، فەرمانگە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم بێئاگایی خۆیان لە چوونی (هاشمی) بۆ دەرەوەی عێراق، ڕاگەیاند.
هەریەك لە بریكارانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێم “ئیدارەی سلێمانی و هەولێر” (جەلال كەریم) و (فایەق تۆفیق) بێئاگایی خۆیان لە چوونی (هاشمی) بۆ دەرەوەی عێراق و جێهێشتنی هەرێمی كوردستان، دەربڕی.
هاوكات ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكەن كە چوونی (هاشمی) بۆ دەرەوەی هەرێم، لە تایبەتمەندیی كار و پلەكانی ئەواندا نییە، چونكە پرسێكی سیاسییە.بە هەمان شێوە، گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێم (كاوە مەحموود) ڕایگەیاند كە لەو بابەتە بێئاگایە، چونكە لە دەستەڵاتی ئەواندایە.
هەر پێوەست بەم باسەوە، سەرچاوەیەك لە باڵەفڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێر ڕایگەیاند: “هیچ شتێكی لەم چەشنە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی باڵەفڕگەكە نەهاتووە بەوەی جێگری سەرۆككۆمار لە ڕێگەی باڵەفڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە سەفەری دەرەوەی وڵات بكات.”
سەرچاوەكە ڕوونیشی كردەوە: “مەسەلەی ڕێگەدان یان نەدان بە (هاشمی) بابەتێكی یاساییە، بۆیە تا ئێستا هیچ نووسراوێكمان لە لایەن دادگەوە بۆ نەهاتووە بەوەی ڕێگری لە سەفەركردنی (هاشمی) بۆ دەرەوەی وڵات بكەین.”
