عێراقییە پێنج مەرجی هەیە بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەی نیشتمانی

عێراقییە پێنج مەرجی هەیە بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەی نیشتمانی
لیستی عێراقییە كە ئەیاد عەلاوی سەرۆكایەتی دەكا رای گەیاند، پێنج مەرجی هەیە بۆ ئەوەی بەشداریی كۆبوونەوەی نیشتمانی بكا، كە بڕیارە پێنجی ئەم مانگە لە شاری بەغدا بەڕێوە بچێ.

حەیدەر مولا گۆتیاری لیستی عێراقییە لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، ئەوان سوورن لەسەر چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكانی وڵات لە رێگەی تەوافوق و گفتوگۆوە.

مولا روونی كردەوە، عێراقییە پێنج مەرجی هەیە بۆ ئەوەی بەشداریی كۆنگرەی نیشتمانی بكا، كە برێتین لە: جێبەجێكردنی دەستبەجێی رێككەوتننامەی هەولێر، راگرتنی گرتنی هەڕەمەكی، دەست هەڵگرتن لە دەستوەردان لە دەسەڵاتی دادوەری، راگرتنی رێوشوێنە نادەستوورییەكان لەبەرامبەر ساڵح موتڵەگ جێگری سەرۆك وەزیران و كۆتایی پێهێنان بە لایەنی سیاسییی كێشەی تاریق هاشمیی جێگری سەركۆمار.

لەبارەی مەرجی پێنجەمەوە، مولا ئاماژەی دا بەوەی كە پێویستە هەریەك لە موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر و عەمار حەكیم سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەی نیشتمانی ئامادە بن.

ئەوەشی گوت، بەبێ جێبەجێكردنی ئەو مەرجانەی سەرەوە، كۆنگرەی نیشتمانی هیچ واتا و ناوەڕۆكێكی نیییە و شێوازێكی پرۆتۆكۆلی بەخۆیەوە دەبینێ و عێراقییە رەتی دەكاتەوە.
Top