عێراق پاڵپشتی لە هەر گۆڕانكارییەك لە دەستپێشخەریی عەرەبی لەبارەی سووریا دەكا

عێراق پاڵپشتی لە هەر گۆڕانكارییەك لە دەستپێشخەریی عەرەبی لەبارەی سووریا دەكا
حكوومەتی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەم رای گەیاند كە پاڵپشتی لە هەر گۆڕانكارییەك لە دەستپێشخەریی عەرەبی لەبارەی سووریا دەكا و بەنیازیشە چەند پێشنیازێك بۆ جێبەجێكردنی دەستپێشخەرییەكە بخاتە روو.

هۆشیار زێباری وەزیری دەرەوەی عێراق كە دوێنێ چوارشەم سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی كرد گوتی، كێشەی سووریا بووەتە كێشەیەكی ناودەوڵەتی و هەوڵەكانی عەرەبی پاڵپشتن بۆ هەوڵەكانی كۆفی ئەنان نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سووریا.

زێباری گوتی، دەستپێشخەریی عەرەبی لەبارەی سووریا باسی لاچوونی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات ناكا، بگرە داوای رادەستكردنی دەسەڵاتەكانی بۆ جێگرەكەی دەكا بۆ وتوێژكردن لەبارەی چارەسەركردنی تەنگژەكە.

لای خۆیەوە عەلی دەباغ گۆتیاری حكوومەتی عێراق بە دەزگاكانی راگەیاندنی گوت، عێراق چەند بۆچوون و میكانیزم بۆ جێبەجێكردنی دەستپێشخەریی عەرەبی دەخاتە روو و پێمان وایە ئەو بیرۆكانەی دەیخەینە روو بۆ هەوڵەكانی ئەنان پاڵپشتن.

زیاتر گوتی، هەڵوێستی ئێمە نەگۆڕە و پاڵپشتی لە دەستپێشخەریی عەرەبی دەكەین و پێمان وایە كە بنەمایەكە و لەگەڵ هەر گۆڕانكارییەكیشین لە دەستپێشخەرییەكە بۆ چارەسەركردنی دۆخی ئەو وڵاتە.

دوای ئەوەی لە دوو رۆژی رابردوو وەزیرانی ئابووری و داراییی عەرەب و دەرەوەی عەرەب لە بەغدا كۆبوونەوە، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەم كۆنگرەی تۆقەڵانی عەرەب بە بەشداری سەرۆك و نوێنەری سەرانی عەرەب بەڕٍێوە بچێ و چاوەڕوان دەكرێ پرسەكانی ناوچەی عەرەب و رۆهەڵاتی ناوەڕاست بێتە باسكردن.
Top