هاوپەیمانیی كوردستان داوا دەكا تەنگژەى ناوەخۆی عێراق لە تۆقەڵانى بەغدا بێتە باسكردن
هەریەك لە هاوپەیمانیی كوردستانی و لیستی عێراقییە، دەوڵەتى یاسا تۆمەتبار دەكەن كە رژد نییە لە جێبەجێكردنى رێككەوتنامەى هەولێر كە حكوومەتى عێراقی بەهۆیەوە هاتە ئاراوە.
موئەیەد تەیب بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، وتارى عێراق لە كۆبوونەوەى تۆقەڵانى عەرەبی دەبێ یەكگرتوو بێ نابی راى بارستەیەك و پێكهاتەیەكی دیاریكراو بێ، بگرە دەبێ بەناوى هەموو عێراقەوە بێ.
لەبارەى هەوڵەكانى كورد بۆ دانانى پرسی بۆردمانەكانى توركیا و ئێران بۆ سنوورەكانى هەرێمی كوردستان لە نێو كارنامەى كۆبوونەوەكە گوتى، پرسی پاراستنى سنوورەكانى بەهی هەرێمیشەوە تەنیا ئەركی ئێمە نییە، ئەركی هەموو دەوڵەتى عێراقە.
پتر گوتى، هەر وڵاتێك دەیەوێ كێشە گرینگەكانى خۆى لەو كۆبوونەوەیەدا بخاتە بەردەم باس لەوانە، پرسی تەناهی، رووبەڕووبوونەوەى تیرۆر، بەهارى عەرەبی، پێوەندیی ناوەخۆی وڵاتانى عەرەبی، بەڵام زانیاریم نییە ئاخۆ پرسی دەستدرێژییەكانى ئێران و توركیا دەخرێنە بەردەم كۆبوونەوەكە، یا هەر لە چوارچێوەى پرسی تەناهییەوە باسی دەكرێ.
تەیب داواى كرد ئەو تەنگژە گەورەى كە ئێستە وڵاتى گرتووەتەوە بخرێتە ناو چوارچێوەى كارنامەى كۆبوونەوەى تۆقەڵانى عەرەبی، چونكە ئەو تەنگژەیەی ئێستە كەلێنێكی گەورە دروست دەكا و دواییش چارەسەركردنى ئەستەم دەبێ.
\"هەموو گوێمان لە لێدوانگەلێك دەبن كە هەموو سنوورەكان دەبەزێنن و هەندێكێشیان لە پشتەوە قسە دەكەن و پەرە بەدۆخەكە دەدەن\"" تەیب گوتى.
دوێنێ یەكشەم جەلال سەركۆمارى عێراق 5ى نیسان/ئەپریلی داهاتووى دیارى كرد بۆ كۆبوونەوەى ئاشتەوایی لە نێوان بارستە سیاسییەكان بۆ كۆتاهێنانى ئەو تەنگژەیەی ئێستە. "
