هۆشیار زێباری: عێراق سوریا بانگێشت ناكات بۆ لوتكەی عەرەبی بەغدا
هۆشیار زێباری، لە چاوپێكەوتنێكدا كە لە ژمارەی ئەمڕۆ یەكشەمی رۆژنامەی \"هەولێر\"" بڵاو كراوەتەوە رای گەیاند، كۆنگرەی لووتكەی عەرەبی لە رۆژی 29ی ئەم مانگەدا لە بەغدا دەبەسترێ، پێشی ئەوەیش لە 27ی مانگدا كۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی و ئابووریی عەرەب لە بەغدا بەڕێوە دەچن، هەروەها رۆژی 28ی مانگ كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەب هەر لە بەغدا بەڕێوە دەچێ، 29ی مانگیش رۆژی بەستنی لووتكەی كۆنگرەكەیە.
لەبارەی بانگهێشتنی وڵاتانی عەرەبی، زێباری گوتی، ئێمە بە ڕەسمی هەموو وڵاتانی عەرەبیمان بانگهێشت كردووە، تەنیا سووریا نەبێت، چونكە بڕیار و كۆدەنگییەكی عەرەبی لە بانگهێشتنەكردنی سووریا بەهۆی ئەو بارودۆخەی ئەو وڵاتە پێیدا تێدەپەڕێ.
زیاتر گوتی، واتە ئێمە 21 وڵاتمان داوەت كردووە بۆ ئەوەی ئامادەی لووتكەی عەرەبی بن لە بەغدا، هەموویان گوتوویانە بەشدار دەبن و دێن، هیچ وڵاتێكی عەرەبی نەیگوتووە ئامادەی كۆبوونەوەكە نابێ یان مەرجی هەیە بۆ بەشداریكردن، بەڵام لە چ ئاستێكە ئەمە شتێكی پێوەندی بە سەروەریی ئەو وڵاتانە خۆیانەوە هەیە.
زێباری ئاماژەی دا بەوەی كە بەپێی زانیارییە تەواوەكان پێشبینی دەكەن لە نێوان 8 تا 12 سەرۆكی وڵاتی عەرەبی ئامادەی كۆنگرەكە ببن، ئەگەر ئەمەیش رووی دا، ئەوا دەڵێین كۆنگرەكە سەركەوتوو بووە.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی گوت، جگە لە وڵاتانی عەرەبی هیچ وڵاتێكی ترمان بانگهێشتنی كۆنگرەی لووتكەی عەرەبی نەكردووە، تەنیا چوار رێكخراوی ناودەوڵەتی و هەرێمی نەبێ، لەوانە رێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، یەكەتیی ئەوروپا، یەكەتیی ئەفریقیا و رێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی.
ئەوەیشی ئاشكرا كرد كە بان كی مۆن سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نامەیەكدا ئاگەداری كردوونەتەوە كە خۆی ئامادەی ئەو كۆنگرەیە دەبێ لە بەغدا."
