ئەم هەفتەیە نوجێفی بەسەرۆكایەتیی شاندێك سەردانی سعوودیە دەكا

ئەم هەفتەیە نوجێفی بەسەرۆكایەتیی شاندێك سەردانی سعوودیە دەكا
ئەمڕۆ سێشەم جێگری دووەمى سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، لەم حەوتووەدا سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵای پەرلەمان سەردانی سعوودیە دەكا بۆ پەرەپێدانی پێوەندییەكانی نێوان پەرلەمانی هەر دوو وڵات.

عارف تەیفوور بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، بڕیار وایە لە كۆتایی ئەم حەوتووە شاندێكی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتی ئوسامە نوجێفی سەرۆكی پەرلەمان بە یاوەری شاندێك كە لە سەرجەم فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان پێك هاتووە سەردانی سعوودیە بكا.

روونی كردەوە \"سەردانەكە لە سەر داوای رەسمی ئەنجوومەنی شوڕای وڵاتی سعودییە و ماوەی 3 رۆژیش دەخایەنێ، هاوكات بڕیار وایە لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی شوڕای سعوودیە و گەورە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە دیدار و كۆبوونەوەی رەسمی ئەنجام بدرێ\"".

لە بارەی ئامانجەكانی سەردانەكەش تەیفوور، گوتی، پەرەپێدانی پێوەندییەكانی نێوان هەر دوو پەرلەمانی عێراق و سعوودیە و تاوتوێكردنی ئەو كێشە و ئارێشانەی لە نێوان هەر دوو وڵاتدا هەیە.

ئاماژەی بەوەش دا، یەكێك لە ئامانجەكانی تر سەردانەكە برێتییە لەوەی لە داهاتوودا بەرپرسانی تری عێراق و سعوودیە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لە نێوان هەر دوو وڵاتدا هەیە كۆببنەوە.

حەوتووی رابردوو هەردوو وڵات رێككەوتن لەسەر ئالووگۆڕكردنى گرتیانى نێوانیان جگە لەوانە كە حوكمى لەداردانیان لەسەر دەرچووە. "
Top