عێراقییە 72 سەعات مۆڵەت دەداتە مالیكى بۆ جێبەجێكردنى داواكانى

عێراقییە 72 سەعات مۆڵەت دەداتە مالیكى بۆ جێبەجێكردنى داواكانى
سەرچاوەیەك لە لیستى عێراقییەى ئەیاد عەلاوى ئەمڕۆ یەكشەم ئاشكراى كرد، لیستەكەى داوانامەیەكى رەسمى ئاراستەى نوورى مالیكى سەرۆك وەزیران و سەرۆكى لیستى دەوڵەتى یاسا كردووە و تێیدا مۆڵەتى 72 سەعاتى داوەتێ بۆ جیچبەجێكردنى داواكانى، بەپێچەوانەوە وەزیرەكانى لە حكوومەت دەكێشێتەوە.

تەڵاڵ زەوبەعى سەركردەى ئەو لیستە بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند \"عێراقییە 72 سەعات مۆڵەتى داوەتە سەرۆكى حكوومەت بۆ جێبەجێكردنى داواكارییە سیاسییەكانى، ئەگینا جارێكى تر وەزیرەكانى عێراقییە لە حكوومەت دەكێشێتەوە\"".

زەوبەعى روونى كردەوە، داواكانى عێراقییە چوار تەوەر لەخۆ دەگرن، ئەوانیش بەستنى كۆنگرەى نیشتمانى پێش لە كۆنگرەى لوتكەى عەرەبى لە 29ى ئەم مانگەدا، هەڵوەشاندنەوەى یاساى لێپرسینەوە و دادپەروەرى، پەلەكردن لە دانانى یاساى لێبوردنى گشتى و جێبەجێكردنى خاڵەكانى رێكەوتنى هەولێر (كە لە تشرینى دووەم/نۆڤێمبەرى 2010 ئیمزا كرا و لەسەر بناغەى ئەو رێكەوتنە حكوومەتى نوێ پێك هات).

لە نۆڤەمبەرى ساڵى رابردوو عێراقییە وەك ناڕەزایى لە سیاسەتى حكوومەتى عێراق بەتایبەت لە هەڵوێستى لە بەهەرێمكردنى پارێزگەكان و پاشتریش لادانى ساڵح موتڵەگ لە پۆستى جێگرى سەرۆك وەزیران، هەروەها بەهۆى دەرچوونى فەرمانى گرتنى تاریق هاشمى ئامادەبوونى وەزیرەكانى لیستەكەى لە دانیشتنەكانى ئەنجوومەنى وەزیران بەشێوەیەكى كاتى هەڵپەسارد.

زەوبەعى گوتى \""عێراقییە دەیەوێ سنوورێك بۆ سیاسەتى فرت و فێڵ و دەسخەڕۆكردن دابنێ كە لەلایەن لیستى دەوڵەتى یاساى مالیكییەوە پێڕەو دەكرێ، ئەگەر داواكارییەكانمان جێبەجێ نەكرێ، دوور نییە كشانەوەى ئەمجارەى وەزیرەكانى عێراقییە یەكجارى بێ\"".

پاش سەرهەڵدانى گرژییەكانى نێوان عێراقییە و دەوڵەتى یاسا لە كۆتاكانى ساڵى رابردوو، لایەنە سیاسییەكانى عێراق رێك كەوتن كۆنگرەیەكى نیشتمانى بۆ چارەسەرى ئەو تەنگژەیە ساز بكەن، بەڵام بەهۆى جیاوازیى بۆچوونى هەردوو لایەنى ناكۆكەوە تا ئێستە لەسەر كارنامە و كاتى بەستنى كۆنگرەكە رێك نەكەوتوون."
Top