هاوپەیمانیی كوردستان داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت یاخۆ هەڵپەساردنی كارەكانی ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا دەكا
موئەیەد تەیب بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند \""لە ئەنجامى سیاسەتی هەڵە و تاكڕەویی لیستی حەدبا و ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا، ئێستە پارێزگەی ئەو شارە 16 یەكەی ئیداریی سنوورەكەی لەدەست داوە، ئەوەش بەهۆی سیاسەتی دەمارگیرییانەی بەرپرسانی ئێستەی لیستەكەوە\"".
ئەم لێدوانە دواى ئەوە دێ، لە چەند رۆژی رابردوودا ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا بە كۆی دەنگ بڕیاری دا هیچ سنوورێكی ئیداریی پارێزگەی نەینەوا پێوەست نییە بە مادەی 140 ی دەستووری عێراق، مادەی 140یشى بە \""مادەیەكی مردوو\"" وەسپ كرد.
تەیب گوتی، ئێمە دژی ئەم جۆرە بڕیارەى ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا دەوەستینەوە، رەوا نییە ئەنجوومەنی پارێزگەیەك داوای هەمواركردنی دەستووری وڵات بكا، لەكاتێكدا ئەو كارە لە دەسەڵاتی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش نییە، بگرە رێوشوێنی تایبەتى بۆ دیاری كراوە.
روونی كردەوە \""لە بارێكى وادا هاوپەیمانیی كوردستان داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا دەكا، ئەگەر ئەمەش نەكرا، داوا لە حكوومەتی عێراقی دەكەین كارەكانی ئەنجوومەنی پارێزگە هەڵپەسێرێ\"".
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵدا لە 31 كانوونی دووەم/یەنایەری 2009دا لە كۆى 37 كورسی لیستی حەدبا 19 كورسیى ئەنجوومەنی پارێزگاكەی بردەوە و لیستی برایەتیی نەینەوا بەبەدەستهێنانى 12 كورسی پلەى دووەمى بەدەست هێنا.
لە ناوەڕاستی نیسان/ئەپریلى 2010یشدا حەدبا بەبێ بەشداركردنى لیستە براوەكانى تر پۆستەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای بەسەر ئەندامانی خۆیدا دابەش كرد، بەو هۆیەشەوە لیستى برایەتیى نەینەوا كشایەوە و 16 شارۆكە و شارەدێى زۆرینە كوردى سەر بەپارێزگاى مووسڵ وەك ناڕەزایى دەربڕین لەبەرامبەر بەشدارنەكردنى لیستى برایەتى لە پۆستەكانى پاریزگاكە، بڕیاریان دا مامەڵە لەگەڵ ئیدارەى نوێى مووسڵدا نەكەن.
لای خۆیەوە فاتیح داراغایی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامیش لە پەرلەمانی عێراق بە (ئاكانیوز) ی راگەیاند \""ئەو بڕیارەى لیستی حەدبا و ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا لە بەرژەوەندیی دۆخی ئێستەی پارێزگەی نەینەوا و عێراق و پێوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیدارەی پارێزگەی نەینەواش نییە\""."
